Arif Yusuf,Zana Natık Kerem
29 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2019
كەربەلا ــ AA
كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی بڵاوەپێكردنی مانگرتنەكانی كەربەلا بوونەتە قوربانی، گەیشتوەەتە ١٨ كوژراو و ٨٠٠ بریندار.
ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ، عەلی بەیانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "زانیارییەكان لە چالاكوانان و رێكخراوە ناحكوومییەكانەوە بەدەست گەیشتووە لەوەی لە رووداوەكەی شەوی رابردووی كەربەلادا، ١٨ خۆپیشاندەر كوژراون و ٨٠٠ خۆپیشاندەری دیكە برینداربوون، بەڵام تەندروستی كەربەلا باس لەوە دەکات یەك خۆپیشاندەر كوژراوە".
پێشتر میدیاكانی عێراق بڵاویانكردبوویەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی بڵاوەپێكردنی مانگرتنەكانی كەربەلا بوونەتە قوربانی، بەرزبووەتەوە بۆ ٢٠ كوژراو و ٦٠٠ بریندار.
لای خۆیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی فورات رەتیكردەوە كە لە میانی بڵاوپێكردنی مانگرتنەكانی شاری كەربەلادا، هیچ خۆپیشاندەرێك كوژرابێت.
لەوبارەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی فورات، عەلی هاشمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە ئێستادا رەوشی شاری كەربەلا زۆر باشە و هاتوچۆ قەدەغە نەكراوە".
عەلی هاشمی گوتیشی: "زۆربەی خۆپیشاندەرانی كەربەلا باشن، تەنها یەك خۆپیشاندەریش لە كەربەلا نەكوژراوە و بەڵكو ژمارەیەك كارمەندی ئەمنی برینداربوون لە نێویاندا ٣٧ ئەفسەر هەن".
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی فورات، عەلی هاشمی باسی لەوەشكرد كە پەیوەندی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەراندا زۆر باشە و ئەوەی بە پێچەوانەوە باس دەكرێت دوورە لە راستییەوە".
عەلی هاشمی ئاشكراشیكرد ژمارەیەك كەسی تێكدەر كە دزەیانكردبووە نێو خۆپیشاندەران دەستگیركراون و لەئێستادا لێكۆڵینەویان لەگەڵدا دەكرێت.