Arif Yusuf,Zana Natık Kerem
04 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند كە شەوی رابردوو بەهۆی هەوڵی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكانی بەردەم كۆنسوڵخانەی ئێران لە شاری كەربەلا، سێ خۆپیشاندەر كوژراون و ١٢ی دیكەش برینداربوون.
لە راگەیەندراوێكدا كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكردووە كە شەوی رابردوو لە میانی خۆپیشاندانەكانی بەردەم كۆنسوڵخانەی ئێران لە شاری كەربەلادا، پێكھەڵپڕژان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەراندا روویداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، پێكھەڵپڕژانەكە لەو كاتەدا روویداوە كە هێزە ئەمنییەكان هەوڵیاندابوو بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە ئاكامی پێكھەڵپڕژانەكەدا، سێ خۆپیشاندەر كوژراون و ١٢ی دیكەش برینداربوون.
شەوی رابردوو خۆپیشاندەران ئاڵای عێراقییان لەسەر دیواری كۆنسوڵخانەی ئێران لە شاری كەربەلا هەڵكرد و دواتر هەوڵیاندا كۆنسوڵخانە بسووتێنن، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگرییان لێكرا.