21 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2019
بەغدا ــ AA
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە ئەنجامدەری تەقینەوەی شاری كەربەلا له باشووری وڵاتەكەی كە كوژران و برینداربوونی ١٧ كەسی لێكەوتەوە، دەستگیركراوە.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە كە دوێنێ پەلامارێكی تیرۆریستی پاسێكی كردە ئامانج كە هاووڵاتییانی لە نێوان پارێزگاكانی بابل و كەربەلا دەگواستەوە.
بەپێی راگەیەنراوەكە، عادل عەبدولمەهدی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی پەلامارەكە كردووە و ئەوەش ئاشكراكراوە كە هێزە ئەمنییەكان بە هاوكاری لەگەڵ هاووڵاتییان توانیویانە ئەنجامدەری پەلامارە تیرۆریستییەكە دەستگیر بكەن.
لە راگەیەنراوەكە زانیاری زیاتر سەبارەت بە دەستگیركردنی ئەنجامدەری پەلامارەكە و ناو و ناسنامەی نەخراوەتەڕوو.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندبوو كە دوێنێ هەینی بۆمبێك كە لە نێو پاسێكدا چێنرابوو لە نزیك خاڵێكی پشكنینی ئەمنی لە دەروازەی شاری كەربەلا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ١٢ كەس كوژراون و پێنج كەسی دیكەش برینداربوون.
تا ئێستاش هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی پەلامارەكە رانەگەیاندووە.