Zana Natık Kerem
12 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2019
بەغدا ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند کە گرنگە بەرلەوەی ئەم وەرزەی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتایی بێت، کابینەی وەزاری تەواو بکرێت.
عادل عەبدولمەھدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لە گرنگی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی کردەوە و گوتی: "پابەندین بە جێبەجێکردنی کارنامەکەمان و گرنگە بەرلەوەی ئەم وەرزەی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتایی بێت، کابینەی وەزاری تەواو بکرێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، پارتەکان فشاریان دروستکردووە بۆ ئەوەی حکوومەت نەتوانێت بەرنامەکەی جێبەجێ بکات کە لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەردراوە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن، عادل عەبدولمەھدی گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن دەستلەکاردەکشێمەوە، دوورە لە راستییەوە".
لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابوویەوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی بەنیازە دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پێشکەش بکات.