Zana Natık Kerem
18 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2018
بەغدا ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی لەو ھەڵوێستەی پاشگەزبوویەوە کە پێشتر سەبارەت بە پێشکەش نەکردنی کاندیدانی دیکە بۆ ھەشت وەزارەتی کابینەکەی کە بە بەتاڵی ماونەتەوە نیشانی دابوو و رایگەیاند، ئەگەر ئەو کاندیدانەی کە بۆ ھەشت وەزارەتی کابینەکەی پێشکەشیکردووە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە رەت بکرێنەوە، ئەوا کاندیدی دیکە پێشکەش دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنێک ساز بکات کە لە میاندا دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی دەدات.
عادل عەبدولمەھدی نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کردووە کە ناوەڕۆکەکەی چوار پێشنیاز لەخۆدەگرێت.
لە یەکەم پێشنیازدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، ناوی ئەو کاندیدانە کە بۆ ھەشت وەزارەتەکە پێشکەشکراون لە میانی ئەوەی کە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە متمانەیان پێ نەبەخشرا و رەتکرانەوە، ئەوا لە میانی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری داھاتوودا، کاندیدانی دیکە بۆ ئەو ھەشت وەزارەتە پێشکەش دەکات.
عادل عەبدولمەھدی لە پێشنیازی دووەمدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەگەر ھەردوو فراکسیۆنە سەرەکییەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران (چاکسازیی و بنیاتنان) دەنگ لەسەر ٥-٦ وەزیری بدەن کە رێککەوتوون لەسەری ئەوانی دیکە دوابخرێن، ئەوا پرسی ئەو وەزارەتانە لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، بە دەنگدان و رێککەوتن یەکلایی دەکرێنەوە و پرسی دوو وەزارەتەکەی دیکە لە دھاتوودا بە رێککەوتن و تەوافوق لەسەر کاندیدەکان، یەکلایی دەکرێنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی لە سێیەم پێنشیازدا داوای لە فراکسیۆنە سەرەکییەکان کردووە، رێکبکەون لەسەر ئەوەی ناوی نوێ پێشکەش بکەن بە گشتی یان بەشێک لە ناوەکان پێشکەش بە سەرۆکوەزیران بکەن بە مەبەستی رێککەوتن لەسەریان.
عادل عەبدولمەھدی لە چوارەم و کۆتا خاڵی پێشنیازەکە گوتوویەتی: "ھەردوو فراکسیۆنە سەرەکییەکە پرسی ناوەکان بەجێبھێڵن بۆ سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران تا پەسەندیان بکەن، یان ئەوەتا ھەموویان رەت بکەنەوە، بەبێ ئەوەی ئاستەنگ بۆ رێژەی یاسایی ئامادەبوون دروست بکرێت.
تا ئێستا ھەشت وەزارەت لە کابینەکەی سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی ھەن کە بە ھۆی ناکۆکی لایەنەکان بە بەتاڵی ماونەتەوە.