02 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند کە رێگە لە قەیرانێکی دیکە لە عێراق گیرا.
مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی رای گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان کردووە تیایدا کاردانەوەی نیشانداوە سەبارەت بە پێ نەدانی متمانە بە کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەللاوی هاتووە "پڕ بە دڵ سوپاسی هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە سەرباری بوونی بۆچوونی جیاوازی سیاسی، بەڵام لە بابەتی پێدان و پێنەدانی متمانە بە حكوومەتی تازەی عێراق یەكڕیز بوون، ئەم یەكهەڵوێستییە دەستكەوتێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان و جێگەی پێزانینە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی ئەوەی گوتووە "هاوتەریبیش سوپاسی هەموو ئەو هێزە سیاسییە نیشتیمانپەروەرانەی عێراق دەكەم كە بە هەڵوێستی راست و مەنتقیی خۆیان رێگریان كرد لەوەی قەیرانەكانی عێراق هێندەی تر قووڵ ببننەوە و عێراق بەرەو كارەسات بڕوات، ئەم هەڵوێستەیان رێزگرتن بوو لە بنەماكانی دیموكراسی، هەروەها رەچاوكردنی ویستی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بوو بۆ راستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسی، لەدوای ئەمە عێراق كەوتووەتە بەردەم قۆناغێكی نوێ كە تێیدا دەكرێت دەرفەت بۆ جێبەجێكردنی داوا رەواكانی خۆپێشاندەران بڕەخسێت و زەمینەیش بۆ سازانێكی گشتگیری نیشتیمانی و لەیەكنزیكبوونەوەی لایەنەكان فەراهەم ببێت".