Hamdi Yıldız
30 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2019
به‌غدا - AA
ژماره‌ی كوژراوانی ئه‌و هێرشه ئاسمانییه‌ی کە له لایه‌ن ئه‌مریكاوه كرایه سه‌ر ژمارەیەک بارەگای حه‌شدی شه‌عبی له پارێزگای ئه‌نبار خۆرئاوای عێراق، به‌رزبووه‌وه بۆ 25 كه‌س.
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی حه‌شدی شه‌عبی، جه‌واد رهبيعاوی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له‌و هێرشه ئاسمانییه‌ی کە له لایه‌ن ئه‌مریكاوه كراوه‌ته سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانیان له ئه‌نبار، 25 كه‌س كوژراون و 51ی دیكه‌ش برینداربوون.
جەواد رهبیعاوی باسی له‌وه كرد كه برینی ژمارەیەک له برینداران سه‌خته و ره‌نگه ژماره‌ی كوژراوان به‌رزببێته‌وه.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق، پێشتر له راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه كردبوو كه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه سێ هێرشی ئاسمانیی كراوه‌ته سه‌ر دوو بنكه‌ی چەکدارانی حزبوڵڵا عێراق له ناوچه‌كانی حارش و سه‌لوم له پارێزگای ئه‌نبار.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا، سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌كه بڵاویكرده‌وه كه پێنج ئامانجی چەکدارانی حزبوڵڵا عێراقیان بۆردومانكردووه له‌وانه‌ش سێ له عێراق و دوو له سووریا.سه‌ركۆماری عێراق، به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆكوه‌زیرانی ده‌ستله‌كاركێشاوه، عادل عه‌بدولمه‌هدی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مریكایان به "پێشێلكردنی سه‌روه‌ری" له قه‌ڵه‌مدا.