Sarmand Hameed
27 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا - AA
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژی رابردووی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بوونە قوربانی بەرزبووەوە و گەیشتە ٦٣ کوژراو و دوو هەزارو ٥٩٢ بریندار لە هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوە دراوە کە ١٠ خۆپیشاندەر لە بەغدا، ١٤ لە پارێزگای میسان، ١٥ لە پارێزگای زیقار، حەوت لە پارێزگای بەسڕە، ١٢ لە پارێزگای دیوانییە، چوار لە پارێزگای بابل و خۆپیشاندەرێک لە پارێزگای موسەننا، کوژراون.
بەپێی بەیاننامەکە، بریندارەکان بەمشێوەیە دابەش بوونە: بەغدا هەزارو ٧٩٤، پارێزگای زیقار ١٧٦، پارێزگای واست، ١٠، پارێزگای موسەننا ١٥١، پارێزگای بەسڕە، ٣٠١، پارێزگای دیوانییە ١١٩، پارێزگای میسان ١١٠ و پارێزگای کەربەلا ٣٤٩ بریندار.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق راشیگەیاندووە کە زۆربەی بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
هەر بەپێی بەیاننامەکە، بەتۆمەتی سووتاندنی خانووی هاووڵاتییان لە پارێزگای بابل، سێ کەس دەستگیرکراون.
لە بەیاننامەکەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئەوەش خراوەتەروو کە ٨٣ باڵەخانەی حکوومی و بارەگای حزبی لە پارێزگاکانی دیوانییە، میسان، واست، زیقار، بەسڕە، موسەننا، بابل و کەربەلا سووتێنراون و زیانیان پێگەیشتووە.