Sarmand Hameed
11 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
بەغدا - AA
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای واست ١٨٥ کارمەندی ئەمنی برینداربوونە و زیان بە ٤٣ ئۆتۆمبێلی پۆلیس کەوتووە، هەروەها خۆپیشاندەرێک کوژراوە و ژمارەیەک دیکەش برینداربوونە.
لە رۆژی یەکشەممەی رابردووە لە شاری کوت ناوەندی پارێزگای واست خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت و لە میانیدا خۆپیشاندەران داوا دەکەن پارێزگاری واست، محەمەد مەیاحیی و ئەندامانی حکوومەتی خۆجێیی، دەستلەکاربکشێنەوە.
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە میانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای واست ١٨٥ کارمەندی ئەمنی برینداربوونە و زیان بە ٤٣ ئۆتۆمبێلی پۆلیس کەوتووە، هەروەها خۆپیشاندەرێک کوژراوە و ژمارەیەک دیکەش برینداربوونە.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە میانی خۆپیشاندانەکاندا ٤٢ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون و بە دەستەبەری دارایی ئازادکراون.
خۆپیشاندانەکانی پارێزگای واست، دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە یەک هەفتەییە دێت کە خۆپیشاندەران بۆ دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگار و جێگرەکانی دیارییان کردبوو.
ساڵی ٢٠٢٠، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک لە کارمەنده ئەمنییهكان کە ئەفسەریشیان لەنێودایە، بەتۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران لە شاری واست دەستگیرکراون.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ـەوە خۆپیشاندان لە بەشێک لە شارەکانی عێراق بەردەوامە.
بەپێی داتاکانی حکوومەتی عێراق، لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەریان ھەڵداوە و بەھۆیانەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەھدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا، ٥٦٥ کەس لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان کوژراون.