Sarmand Hameed
11 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
هەولێر - AA
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خالید مەحننا رایگەیاند، ٣٢ هەزار کرێکاری بیانی نایاسایی دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە.
خالید مەحننا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان دەستیان گرتووە بەسەر نزیکەی سێ هەزار ئۆتۆمبێل کە کەلوپەلی قەدەغەکراویان هەڵگرتووە و خاوەنەکانیان رادەستی داگای تایبەتمەندکراون.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو دەستیان گرتووە بەسەر چەندین کۆگا و ئۆتۆمبێل کە کەلوپەلی قەدەغەکراویان تیادابووە.
خالید مەحننا داوای لە هاووڵاتییان کرد لەپێناو پاراستنی بەرهەمی نیشتمانیی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمنییدا بکەن و روونیکردەوە کە وێڕای هەنگاو و رێککارەکانیان بەڵام لێرە و لەوێ کەلوپەلەکان دزەیان پێ دەکرێت و دەگەنە دەستی هاووڵاتییان.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، هەڵمەتێکیان بۆ چاودێرییکردنی کرێکارانی بیانی نایاسایی دەستپێکردووە کە بەشێکە لە کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاشکرایشی کرد کە لەم چوارچێوەیەدا ٣٢ هەزار کرێکاری بیانی نایاسایی دپپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە و ئەو کەسانەی کە داڵدەیان داون رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.