Rewa Mahmood Hasan
11 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
سلێمانی-AA
مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لە کچێک کردبوو ئەگەر بڕێک پارەی پێنەدا.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە مەفرەزەکانی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لەکچێک کردبوو.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "پاش ئەوەی کچێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک تۆمار کرد بەناوی (م، ز، ح لەدایکبووی ١٩٧٥) کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لێکردبوو ئەگەر بڕێک پارەی پێنەدا، پێشتریش بەھەمان ھۆکار بڕی پێنج ملیۆن دیناری لێسەندبوو، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و زانیاری پێویستیان لەسەر تۆمەتبارەکە کۆکردەوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیوانەوە دەستگیر بکرێت".
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی (٢) لەیاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.