Sarmand Hameed
10 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی و شاندی یاوەری کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و گەلی دۆست کرا، کە بەیەکەوە گرێدراون لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئاینی و رۆشنبیری و جوگرافی.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ھەر لە میانی دیدارەکەدا دووپاتکرایەوە لە پێویستی پتەوکردنی پەیوەنییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و توانای زانستی و چالاککردنی رێککەوتننامەکانی نێوان ھەردوو وڵات، ھەروەھا گرنگی ھەماھەنگی و ھاریکاریکردنی یەکتر لە ھەردوو بواری دادوەری و یاسایی، بەجۆرێک خزمەت بە ھەردوو گەلی دۆست بکات.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە کە دەوڵەتانی ناوچەکە لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی مێژووییدان، بۆیە گرنگە گشت ھەوڵەکان یەکخرێن لەپێناو ھێنانەکایەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکان و کۆتاییھێنان بە قەیران و گرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا، ھاوکات سەرکۆماری عێراق دووپاتیکردەوە کە پاراستنی ئارامی و سەروەری عێراق دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ھێنانەدی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم گەلانی ناوچەکە.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی سڵاو و رێزی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندە گەل و دەوڵەتی عێراق، ھەروەھا پشتیوانی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ حکوومەتی عێراق لە ھەوڵەکانی بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و چەسپاندنی پایەکانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ھاووڵاتییانی عێراق بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.