Arif Yusuf,Zana Natık Kerem
14 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
بەسرە ــ AA
وەك ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر بە پشتگوێ خستنی داواكارییەكانیان بۆ دابیكردنی خزمەتگوزارییەكان و رەخساندنی دەرفەتی كار، دەیان کەس لە بەردەم كێڵگەی نەوتی مەجنوون باكووری پارێزگا بەسرە باشووری عێراق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە دەیان کەس لە بەردەم دەروازەی سەرەكی كێڵگەی نەوتی مەجنوون باكووری بەسرە گردبوونەتەوە و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن بەرامبەر ئەوەی كە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەم داواكارییەكانیان نەهاتوون.
لای خۆیەوە ئەفسەر لە سوپای عێراق، ملازم محەمەد خەڵەف لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتڕاسیكردەوە كە دەیان كەس لە بەردەم كێڵگەی نەوتی مەجنوون باكووری بەسرە گردبوونەتەوە و داوا دەكەن خزمەتگوازرییەكان و دەرفەتی كارییان بۆ دابین بكرێت.
محەمەد خەڵەف گوتیشی: "هێزە ئەمنییەكان رێوشوێنی توندیان لە دەورووبەری دەروازەكانی كێڵگە گرتووەتەبەر، ئەویش بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێك ئەگەر لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە رووبدات".
كێڵگەی مەجنوون بە گرنگترین كێڵگەی نەوت لە باشووری عێراق دادەندرێت بەو پێەی ٨٠ لەسەدای نەوتی ئەو وڵاتە لەو كێڵگەیەوە هەناردە دەكرێت.
ئەو خۆپیشاندانەی كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە دژبە حكوومەت لە شاری بەغدا پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشوور ئەنجام دەدرێن درێژەیان هەیە، پشتبەستن بە ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا ٤٩٢ كەس كوژراون و ١٧ هەزار كەسیش لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.