Rewa Mahmood Hasan
14 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
لە ژێر چاودێری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەژێر دروشمی "لە پێناو بوژاندنەوەی بەرهەمی خۆماڵی"، یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "پڕۆژە یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان" رێکخست.
لە هۆتێل رامادا-ی شاری سلێمانی و بەبەشداری زۆرێک لە بەڵیندەر و بازرگان و وەبەرهێنەرەکان، بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێواس فایەق، کۆنفرانسێک بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر پرۆژە یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەچوو.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان یاسین مەحمود ئاشکرای کرد کە باس لە یاسایەک دەکرێت کە ئەو یاسایە گرنگە و قسە لەسەر ئەوە دەکرێت بەرهەمی خۆماڵییەکان چۆن پەرەی پێ بدرێت، پرۆژە یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان، یاسایەکی بناغەییە بۆ ژێرخانی ئابووری، بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان و کۆمەڵێک لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەت و وەبەرهێنەران و دامودەزگاکانی حکوومەت لێرەن بۆ قسە کردن لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە".

لە نێو گفتوگۆی ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەدا ئەوە دەبینرا کە لەسەر پرۆژە یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان ببوون بە دووبەشەوە، هەندێکیان پارێزگاریان لەو بۆچوونە دەکرد کە دەبێت یاسای عێراقی تایبەت بە پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان چالاک بکرێتەوە، چونکە لەلایەن کەسانێکی شارەزاو پسپۆڕی تایبەتەوە دەرکراوە، هاوکات ئەگەر بێت و لەهەرێم یاسایەکی لەو چەشنە دەربکرێت و جیاوازی هەبێت لەگەڵ یاساکەی عێراقدا ئەوا ئەگەری هەیە نەهێڵێت ئەم یاسایە کاری پێ بکرێت، لەلایەکی ترەوە هەندێکیان پێان وابوو کە دەبێت دەرکردنی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان بەشێوەیەکی جیا، لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەربکرێت، بەشێوەیەک بێت کە زیاتر قازانجی هەبێت بۆ پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە کوردستان".
لەبارەی پرۆژە یاسایەکی عێراقی سەبارەت بە پاراستنی بەرهەم خۆماڵییەکان کا تائێستا لە هەرێم کاری پێناکرێت، یاسین مەحمود گوتی، "یاسای عێراقی زۆر باشە بەداخەوە تائێستا کاری پێناکرێت، ئێمە وەک وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەکان لەماوەی رابردوودا زیانێکی زۆرمان کردووە بەهۆی نەبوونی ئەم یاسایەوە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر لە پەرلەمانی کوردستان، هەمان یاسای عێراقی بەکەمێک دەستکارییەوە دەتوانرێت بخرێتە بواری جێبەجێ کردەوە، باشتر لەوەی کە یاسایەکی تەواو جیاوازی بۆ دەربکرێت".
لەئەگەری دەرچواندانی یاسایەکی نوێدا لەهەرێمی کوردستان یاسین مەحمود گوتی، "بۆ ئەم یاسایە دەبێت پرس و ڕاوێژ بکەین بە وڵاتانی دراوسێش چونکە یاسایەکە ئەگەر دەربچێت ئەگەری هەیە هاوردەی هەندێک وڵاتانی دراوسێ کەم بکرێتەوە، بەتایبەت تورکیا و ئێران چونکە بەرهەمی خۆماڵی زیاد دەکات، لەهەر وڵاتێکیشدا بەرهەمی خۆماڵی زیادی کرد هاوردە کەم دەبێتەوە و هەناردە زیاد دەکرێت".
لای خۆیەوە جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێم شێخ عەتا محەمەد رایگەیاند، پێشتر بەرهەمە خۆماڵییەكان كەمتربوو لەوەی بینێرنە دەرەوە، بەڵام ئێستا كە ڕێژەكە زیادیكردووە و دەتوانرێت بنێردرێتە دەرەوە، پێویستە یاسایەكی بۆ دەربچوێندرێت لە پەرلەمانی كوردستان.