04 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2017
ریاز ــ AA
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز فەرمانێكی شاهانە دەرکرد سەبارەت بە دوورخستنەوەی راوێژكار لە وەزارەتی بازرگانی و وەبەرهێنان، غەسان بن ئەحمەد سلێمان لە پۆستەكەی.
هەرچەندە لە فەرمانەكەدا كە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە نەدراوە بە هۆكاری دوورخستنەوەی غەسان بن ئەحمەد سلێمان لە پۆستەكەی، بەڵام چالاكوانان لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دووپاتیان كردووەتەوە كە هۆكاری دوورخستنەوەی غەسان بن ئەحمەد سلێمان كە لە هەمان كاتدا پارێزگاری دەستەی گشتی بۆ دامەزاروە مامناوەند و بچووكەكانە، دەركەوتنی بووە لە ئاهەنگێکی نمایشكردنی جلوبەرگ كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە لایەن ئاكادیمیای تایبەت بە جوانكاری لە شاری ریاز ساز كرابوو.
نمایشەكە كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە میانی كردنەوەی ئاكادیمیای تایبەت بە جوانكاری لە ریاز بەڕێوەچوو، مشتومڕۆ و ناڕەزایەتییەكی فراوانی لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لە سعوودیە بەدوای خۆیدا هێنابوو.
بە پێی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە بارەی نمایشەكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوكرابوونەوە، تیایدا ئەوە دەركەوتبوو كە نمایشكارەكان بە بی داپۆشینی رووخساریان لەبەردەم بەشداربووان، خۆیان نمایش كردووە كە ئەم دیمانانەش لە سعوودیە گونجاو نییە.
لای خۆیەوە غەسان بن ئەحمەد ین سلێمان لە تویتێكدا ناڕەزاییەتی خۆی لە نمایشەكە دەربڕیوە و نووسیوویەتی: "دەستەی دامەزاروەی مامناوەند و بچووكەكان هەوڵیداوە دەرفەتی كار بۆ گەنجانی هەردوو رەگەز برەخسێنێت بێ ئەوەی هانی هیچ رەوشتێك بدات كە ببێتە مایەی زیان گەیاندن بە بەها ئیسلامییەکان و دابونەریتی کۆمەڵگای سعوودی".
ناوبراو راشیگەیاندووە کە رێكخستنی نمایشەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ریاز بە بێ ئاگاداری دەستەكەیان بووە.