Sarmand Hameed
14 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2019
عێراق - AA
بەرەی تورکمانی عێراقی داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات لە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقدا تایبەتمەندی پارێزگای کەرکووک بپارێزرێت.
مانگی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی لە کوتلە سیاسییەکان پێکهێنا کە ئەرکی داڕشتنی هەمواركردنهوهی دەستوور دەبێت، و سیستمی حومکڕانیی و پەیوەندیی پارێزگاکان لەگەڵ پایتەخت گرنگترین ئەو خاڵانە دەبن کە بڕیارە لە هەموارەکردنەکەدا جێگیربکرێن.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی دەستەی جێبەجێکاری حزبەکەی لە کەرکووک، سازیكرد، رایگەیاند: "پێویستە لە هەموارکردنەوەی دەستووردا تایبەتمەندیی هەردوو پارێزگای کەرکووک و بەغدا پارێزراوبێت".
ئهرشهد ساڵحی ئاماژەی بەو تایبەتمەندییە کرد کە تورکمان داوایدەکات لە کەرکووک جێبەجێبکرێت ئەویش بریتییە لە پێدانی دۆخی تایبەت لە بەڕێوەبردنی شارەکە بەهاوبەشی لەنێوان پێکهاتەکانی لە تورکمان و کورد و عەرەب.
ساڵحی هیچ وردەکارییەکی لەبارەی داواکاریی پێدانی تایبەتمەندیی بە پارێزگای بەغدا لە هەمواکردنەوەی دەستووردا، نەخستەڕوو.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی رەخنەی لە پەراوێزخستنی تورکمان گرت لە وەرگرتنی پۆستی حکوومی و ئاماژەی بەوەکرد، رێژەی تورکمان لە فەرماندەکانی سوپای عێراقدا تەنها پێنجه لەسەد.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی گوتی: "دوای ١٦ ساڵ حزبە حوکمڕانهكان شکستیانهێنا لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، و شکستیانهێنا لە دیارییکردنی داهاتووی سیاسیی و ئابووریی لەم وڵاتەدا".
گوتیشی: "گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی لە دامەزراوە و فەرمانگەکانی دەوڵەتدا بڵاوبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی فرۆشتنی پۆستەکان".
ساڵحی جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کردهوه بەر لەوەی وڵات بکەوێتە بۆشایی دەستووریییەوە.
پارێزگای کەرکووک یەکێکە لە ناوچه کێشەلەسەرهكان لە نێوان حکوومەتی عیراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و له ماددەی ١٤٠ی دەستووری ههمیشهیی ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا، پرسی چارەسەکردن و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی پارێزگاکە، دیارییکراوە.