Sarmand Hameed
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2019
عێراق - AA
خۆپیشاندەران لە شاری عەمارە ناوەندی پارێزگای میسان باشووری عێراق، ئاگریان لە ماڵی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد شەیاع سوودانی بەردا کە کاندیدی پێشبینیکراوە بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.
ئەفسەر لە پۆلیسی میسان، تاهیر حەسەن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، دەیان خۆپیشاندەر ئاگریان لە ماڵی سوودانی لە گەڕەکی حوسەین لە شاری عەمارە ناوەندی پارێزگای میسان، بەردا.
تاهیر حەسەن گوتیشی: "ئاگر لە بەشێکی زۆری ماڵەکەی سوودانی کەوتووەتەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە لەوکاتەدا کەس لەناو خانووەکەدا نەبووە.
ئەو ئەفسەرەی پۆلیس راشیگەیاند کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوە هەیە محەمەد شەیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێردرێت.
دوێنی هەینی، محەمەد شەیاع سوودانی سەرکردە لە حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نووری مالکی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبی دەعوە و فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا راگەیاند، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە ئەگەری هەیە ناوبراو لە شوێنی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، عادل مەهدی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ رابسپێردرێت.
سوودانی کە لە ئێستادا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، پێشتر لە حکوومەتدا چەندین پۆستی باڵای هەبووە، لەوانە وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بووە لە حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی (٢٠١٤-٢٠١٨) هەروەها کابینەی حکوومەتەکەی نووری مالکی (٢٠١٠-٢٠١٤) وەزیری مافەکانی مرۆڤ بووە و لە (٢٠٠٩-٢٠١٠) پارێزگاری میسان بووە.
بەهۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق و لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی سەرەتای ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە.
لە رۆژی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی-یهوه، بهپێی دهستوور پێویستە سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح لە ماوەی ١٥ رۆژدا کەسێکی دیکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێرێت کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەو وادەیه کۆتاییدێت.
بەو پێیەی تا ئێستا لەسەر راسپاردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کە مایەی رەزامەندیی حزبەکان و خۆپیشاندەران بێت، رێکنەکەوتوون، بۆیە پێشینی دەکرێت وڵات لە دوای رۆژی دووشەممەی داهاتووەوە بکەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٤٩٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كهسی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.