Sarmand Hameed
24 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی شەش حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی راگەیاند
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، شەش تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانکرا.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە تووشبووەکان لە دوو خێزانن و بەرکەوتووانی توشبووی دوێنێن کە سێ ئافرەت و دوو منداڵ و یەک پیاوی تیادایە و دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی توشبووان لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ٩٧ حالەت و دوو کەسیش بەهۆی تووشبوونیان ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ٢٧ کەسێش چاکبوونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە ماڵەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، چەند رێکارێکی گرتووەتەبەر، لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکان و لەنێو شارو شارۆچکەکان، کردنە پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، قاوەخانە و خانەکانی سینەما، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان.