عێراق, کۆڤید- ١٩

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی: "بەڕێژەیەکی بەرچاو شەقامەکان زیاتر چۆڵ بوون"

بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد: "ژمارەیەکی زیاتر لە هێزەکانمان بڵاو پێکراوە لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکاندا، هاوکات رێشوێنەکانیش توندتر کراونەتەوە"

Rewa Mahmood Hasan  | 24.03.2020 - نوێکردنەوە : 25.03.2020
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی: "بەڕێژەیەکی بەرچاو شەقامەکان زیاتر چۆڵ بوون"

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA

لەگەڵ بەردەوامیی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس رێوشوێنی ئەمنی توندتر دەگرنە بەر بۆ چەسپاندنی بڕیار و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-١٩).

لە درێژی ئەو رێوشوێنانەی بۆ بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیراونەتە بەر، هێزەکانی پۆلیس لە شاری سلێمانی ژمارەیەکی زیاتر کارمەندانیان لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکانی شاردا بڵاوە پێ دەکەن و رێوشوێنەکان توندتر دەکەنەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەوەی بیستوویانە لە چەند گەرەکێکی سلێمانی قەرەباڵغی دروست دەکرێت سەرەڕای رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستیی، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، ژمارەیەکی زیاتر لە هێزەکانییان بڵاوە پێ کردووە لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکاندا، هاوکات رێوشوێنەکانیش توندتر کراونەتەوە.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "لە هەندێک شوێن دوای ئەوەی کە نیوەڕوان و ئێواران سەعاتێک مۆڵەتی نانخواردنی هێزە ئەمنییەکان بوو، بەڵام بەداخەوە هاووڵاتییان ئەوەیان بە هەل دەزانی و دووبارە دەرژانەوە شەقامەکان بۆیە ئێستا ژمارەیەکی زۆرتر پۆلیسمان لە شەقامەکان بڵاوە پێ کردووە، هاوکات بە دانانی بەربەستی کۆنکریتی توانیومانە رێگریی لە هاتوچۆکردن بکەین و تەنها یەک هێڵ لە شەقامەکاندا بهێڵینەوە بۆ ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان، بەم رێکارانەش توانراوە قەڕەباڵغی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە و وا بکرێت هاووڵاتییان پابەند بن بە مانەوەیان لە ماڵەوە".

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان رێکاری نوێ گیراونەتە بەر و هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ خەم لە ماڵەکانیان بمێننەوە و سەروماڵیان پارێزراوە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın