Zana Natık Kerem
21 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە ئومێدەوارن نەورۆز بۆنەیەک بێت بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیی رۆحی، ماددی و یەکگرتوویی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە "بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستان، گەلی عێراق و گەلانی ناوچەکە دەکەین کە بەو بۆنەیەوە ئاھەنگ دەگێڕن".
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ھاتووە: "وەک عێراقییەکان، ئۆمێدەوارین نەورۆز بۆنەیەک بێت بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی رۆحی، ماددی و یەکگرتوویی ئاھەنگ بگێڕین بەبۆنەی ئەو فرەڕەنگییەی کە بۆ ئێمە سامانێکی بەردەوامە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەشداوە نەورۆزی ھەموو ساڵێک ئومێد لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت بۆ ھەموو ئەوانەی بەو بۆنەیەوە ئاھەنگ دەگرێن و راشیگەیاندووە: "تێپەڕینی نەورۆزی ئەمساڵ، ھاوکاتە لەگەڵ ھەنگاونانی گرنگی عێراق بەرەو بەردەوامیی ئاشتیی کۆمەڵایەتی".
دوێنێ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کورد و سەرجەم عێراقییەکان و گەڵانی وڵاتانی دراوسێ کرد و رایگەیاند"ھیوادارین جەژنی نەورۆز، ببێتە مایەی ئاشتیی بۆ ھەمووان".
نەورۆز داب و نەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و چەند نەتەوەیەکی دیکەی ناوچەکە بە شێوەی جۆربەجۆر یاد دەکرێتەوە.