Sarmand Hameed
18 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
سەرکۆماری عێراق، بهرههم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە وەزیری دەرەوە و کاروباری تاراوگەی ئوردن، ئەیمەن سەفدی و شاندی یاوەری و سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان و پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆکرا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق له راگهیهنراوێكدا بڵاویکردووەتەوە، لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی ئوردن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق وەک بنەمای راگری ئارامی لە ناوچەکەدا دووپاتکردووەتهوە ھەواڵی تەندروستی سیستانی پرسیوه و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستووه.
لەدیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی لە پێویستی بەرجەستەکردنی بنەماکانی ئاشتیی و سەقامگیریی و دوورخستنەوەی جەنگ و ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا کردووهتەوە، کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی توانا مرۆیی و مادییەکان، هاوکات جەختی لە پەنابردنە بەر زمانی گفتوگۆی راستەقینە و روون و ئاشکرا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان کردووهتەوە.
بەپێی راگهیهنراوهكه، سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە وڵاتهكهی هەرگیز نابێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکان، و هەوڵیش دەدات ببێتە هۆکاری بەهێزکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و جیهاندا.
هەر لەدیدارەکەدا بەرهەم ساڵح، تیشکی خستووەتە سەر گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئوردن و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی بەجۆرێک کە ببێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان.