Ozhin Ramadhan Salih
20 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2021
کەرکووک- AA
ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان گەیشتنە رێککەوتن؛ ژوورێکی ھاوبەشیان لە قەزای خانەقین سەربە پارێزگای دیالە درووستکرد و ئەمڕۆ ئەندامانی ژوورەکە دەوامیان کرد.
لەسەر رێککەوتنی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان و دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش جێگری میحوەری دووی قەرەتەپەی ھێزی پێشمەرگە، لیوا محەمەد رۆستەم به ئاژانسی ئانادۆڵو رایگهیاند: "دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە کۆتاییدا گەیشتینە رێککەوتن لەسەر میکانیزم و وردەکاریی بۆ درووستکردنی ئەو ژوورە ھاوبەشانە".
محەمەد رۆستەم گوتیشی: "رێککەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق چوار قۆناغە یەکەمیان؛ کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و دووەمیش؛ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکانە و سێیەمیش؛ دروستکردنی بازگەی ھاوبەشە و خاڵی کۆتاییش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان".
جێگری میحوەری دووی قەرەتەپە سەبارەت بە وردەکاریی ژوورە ھاوبەشەکە باسی لەوەکرد کە ھەشت ئەفسەری ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ژوورەکە پێکدەھێنن کە چواریان لە هێزی پێشمهرگه و چوارەکەی دیکەش لە سوپای عێراق دەبن و گوتیشی: "سێ ئەفسەری پێشمەرگە سەربە لیوای سێین و ئەفسەرێکی باڵاش سەربە میحوەری یەکە، نوێنەری ھەردوو ھێزەکە (سوپا و پێشمەرگە)، ئەفسەر دەبن بەپلەی عەمید و ئەوانی تر پلەکانیان له خوارترن و ئەرکی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم زانیارییە ئەمنییەکانی سنوورەکە و ئاگاداربوون لە ھەموو رووداوەکان و تۆمارکردنی و لەئێستادا لە سنووری پارێزگای دیالە یەک ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش درووستکراوە کە بارەگاکەی لە قەزای خانەقینە و ئەمڕۆ نوێنەری ھەردوو ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەوامی خۆیان لە ژوورە ھاوبەشەکە کرد".
محەمەد رۆستەم لەسەر پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان باسی لەوەکرد کە لە ئێستادا قسە لەسەر دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەش بۆ پڕکردنەوەی لیوای ھاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق بە یەکسانی و ئەم پێشنیازە پشتیوانی ئەمریکاییەکانیشی ھەیە.