عێراق

پەنابەرانی کوردی ئێران لە هەولێر بە خۆپیشاندان داوای مافەکانیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن

شۆڕشی حاجی:"چەند ساڵە لەژێر ناوی نەتەوە یەکگرتووەکان لێرە راگیراوین، بەڵام لە بەدبەختی زیاتر هیچ شتێکی دیکەیان بۆ پەنابەرانی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان نەبووە،بۆیە ئێمە بە ناچاری هاتووینەتە ئێرە و ئەمە یەکەمجار نییە وبەدڵنیایی کۆتا جارێش نابێت"

Hawkar Yaseen  | 20.05.2021 - نوێکردنەوە : 22.05.2021
پەنابەرانی کوردی ئێران لە هەولێر بە خۆپیشاندان داوای مافەکانیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن

Arbil

هەولێر - AA

ژمارەیەک لە پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە هەولێر لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد مافەکانیان لە پێدانی مافی پەنابەری سیاسیی یەکلایی بکرێتەوە و کەیسی پەناخوازانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی جیابکرێتەوە و بە یەک چاو سەیرنەکرێن.

پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە بەیاننامەیەکدا کە لە نۆ داواکاری پێکهاتووە داوایان کردووە، کەیسی پەناخوازانی سیاسیی یەکلابکرێتەوە کەبەپێی یاساکانی UNHCR دەبێت لەماوەی نیوان سێ تاوەکو شەش مانگدا چارەنووسیان دیاریی بکرێت و پەنابەرانی سیاسیی بۆ وڵاتی سێیەم رەوانەبکرێن.

داواشیان کردووە کەیسی پەناخوازانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی جیابکرێتەوە کە ئەوان دەتوانن هاتوچۆی ئێران بکەن و کێشەیان نییە.

هەروەها داوا دەکەن کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاویان بۆ دروست بکرێت و کێشەی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەو پەنابەرانەش چارەسەربکرێت کە ئیقامەی هەرێمی کوردستانیان هەیە.

پەنابەرانی کوردی ئێران لە خاڵێکی دیکەی داواکاریەکەیاندا داوایان کردووە کێشەی خوێندن بۆ خوێندکارانی پەنابەری کوردی ئێران چارەسەربکرێت بەتایبەت ئەوانەی دوای تەواوکردنی قۆناغی زانکۆ بەو هۆیەی بەڵگەنامەی باری کەسێتی عێراقییان پێنییە بڕوانامەکانیان پێنادرێتەوە و ناتوانن دابمەزرێن.

داواشیان کردووە هەلی کاریان بۆ برەخسێندرێت بەتایبەت بۆ ئەو پەنابەرانی هیچ پیشەیەکیان نییە و توانای دابینکردنی بژێوی ژیانیان نییە.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، شۆڕشی حاجی کە هاوکات سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکەشی دەکرد لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئێمە ئەمڕۆ لێرە داوای مافە رەواکانی خۆمان دەکەین چەند ساڵە لێرەین و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاست داواکانی ئێمە گوێی نابیستێت و چاویشی نایبینێت، کۆمەڵێک پەنابەری سیاسیی هەیە لێرە کە چەندین ساڵە بێ دەرەتان ماون لە هەرێمی کوردستاندا تەنانەت یەکەم مەرج چاوپێکەوتنێکە بۆ گۆڕینی ناونیشانیان لە پەناخوازییەوە بۆ پەنابەری تەنانەت، ئەو چاوپێکەوتنانەش بەبیانوی جۆراوجۆر رایانگرتووە، ئەوانەی لێرەن هیچ مافێکیان نییە تەنانەت منداڵەکانیشمان گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی و بێ ناسنامە ماونەتەوە".

گوتیشی: "چەند ساڵە لەژێر ناوی نەتەوە یەکگرتووەکان لێرە راگیراوین، بەڵام لە بەدبەختی زیاتر هیچ شتێکی دیکەیان بۆ پەنابەرانی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان نەبووە، بۆیە ئێمە بە ناچاری هاتووینەتە ئێرە و ئەمە یەکەمجار نییە و بەدڵنیایی کۆتا جارێش نابێت".

شۆڕشی حاجی گوتیشی: "دوێنێ بەهزادی مەحمودی لێرە خۆی سووتاندووە لە ناچاریدا و لەبێ دەرەتانیدا، بەدڵنیایی بەهزاد تەنیا یەک کەس نەبوو دەنگی ئەو کۆمەڵە خەڵکەیە کە ئێستا لێرەدا دەیانبینت".

هەروەها بەرپرسی ئەندامانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ئەفسانە رەحیمی لە لێدوانیكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لێرە دەمێنینەوە تا وەڵام وەردەگرین ئەگەر پێویست بکات مان لە خواردنیش دەگرین و مانگرتن رادەگەیەنین بە هەموو شێوەیەک، سێ مانگ بەرلە ئێستا من بە نوێنەرایەتی پەنابەران لەگەڵ پێنج کەسی دیکە چووینە ژوورەوە بە نامە بە زمانەکانی فارسی ئینگلیزی و هەر زمانێک پێیان خۆشبووە پێمانداون و پێیان وتووین بڕۆن بەسەرچاو، بەڵام ئەگەر بەسەرچاوە ئەی ئێستا ئەو خەڵکە بۆ لێرەن و لێرە چی دەکەن، هیچ وەڵامێکمان نادەنەوە".

گوتیشی: "ئێمە ئەمجارە ناچینە ژوورەوە و دەبێت ئەوان خۆیان بێنە دەرەوە و وڵامێکی یەکلاکەرەوەمان بدەنێ".

ئەفسانە رەحیمی راشیگەیاند "ئەوەی داومان کردووە تەنیا ئەوەندەیە بە ناونیشانی پەنابەری سیاسیی مافی خۆمان پێبدەن زیاترمان ناوێت، هەر یەکێکمان کە لێرەین کێشەی سیاسییمان هەیە و سەربە لایەنێکی سیاسیین، هەشمانە پەنابەرێکی بێ دەرەتانی ئێرانییە و لێرە هیچی نییە و لەسەر شەقامەکان دەخەوێت لەگەڵ خۆم بردوومەتە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و پێیان گوتووین گەنجە بۆچی کارناکات، لەکاتێکدا ناسنامەی نییە و ئیقامەی سیاسییشی پێنەدراوە، تەنیا فۆڕمێکی پێبدەن بە مەرجێک ئەمنیەتی بپارێزێت بە ناونیشانی پەنابەری سیاسیی لای نەتەوە یەکگرتووەکان بناسێندرێت بەسیەتی، نایدەن".

گوتیشی: "لە نەبوونی ناسنامە و مافی پەنابەری سیاسییدا کێشەی زۆرمان بۆ دروست بووە، جگە لەوەی خەڵک کارمان پێنادات حکوومەتی هەرێمیش رێگە نادات کاربکەین، دەستخۆشی لە حکوومەت دەکەین بۆ ئەوەی بە پشتگیری حزبەکانی خۆمان، نامەی پشتگیری ئیقامە بە هەموومان دەدات، بەڵام هەندێک حاڵەت دێتە پێشمان ئەو ئیقامەیە ناخوات و لە فەرمانگەکان دەڵێن دەبێت بیسەلمێنیت کە بە رەگەز ئێرانیت و دەبێت بچین لە نەتەوە یەکگرتووەکان فۆڕم بهێنین ئەوانیش فۆڕممان نادەنێ و منی بە ناونیشانی پەنابەر قبوڵ نییە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın