Zana Natık Kerem
26 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ھاوکاریی دووقۆڵیی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەر ئاستی سیاسی، ئەمنی و ئابوورییدا، پتەوتر بکەن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە مستەفا کازمی و سەلمان بن عەبدولعەزیز لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەتەوە و ھاتووە:
"لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا، رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ھاوکاریی دووقۆڵیی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەر ئاستی سیاسیی، ئەمنی و ئابوورییدا، پتەوتر بکەن".
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گرنگە ھاوکاریی و ھەماھەنگییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەبەرامبەر ژمارەیەک پرس و دۆسیەدا چڕتر بکرێنەوە بۆ ئەوەی ببێتە مایەی پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
باس لەوەشکراوە کە مستەفا کازمی پاڵپشتی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سعوودیە سەبارەت بە کۆتاییھێنان بە جەنگ لە یەمەن، راگەیاندووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە سەلمان بن عەبدولعەزیز، بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی مستەفا کازمی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی سعوودیە بکات.