26 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2021
کەرکووک - AA
لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەرکووک، چوار تیرۆریستی سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیرکران.
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، لیوا عەلی کەمال لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی ئۆپەراسیۆنێکیان لە باشووری پارێزگاکە بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستپێکردووە.
لیوا عەلی کەمال سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ئۆپەراسیۆنەکە لە دوای ھەڵکشانی ژمارەی کردە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە دەستیپێکردووە و گوتی: "لە میانی گەڕان و پشکنین لە دوو گوندی سەربە شارەدێی زاب لە باشووری کەرکووک دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە".
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا، تەواوی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار و بەشێکی پارێزگاکانی دیالە و کەرکووکی داگیرکرد، دواتر ئەو پارێزگایانە لە ماوەی چەند ساڵێکدا لەو رێکخراوە پاککرانەوە و کۆنترۆڵکرانەوە.
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوەکەدا راگەیاند.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار ساڵ بەسەر دەرکردنی رێکخراوەکە و کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکان، بەڵام ھێشتا ئەو رێکخراوە بەردەوامە لەسەر ھێرش و پەلامارەکانی، بەتایبەتی لە گوندەوارەکانی ئەو پارێزگایانە.