Abdullah Abdulmanaf Shukur
25 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی نمایشە سەربازییەکەی ئەمڕۆی گرووپێک بە ناوی "رەبعەڵڵا" لە شاری بەغدا رایگەیاند کە ھیچ کەسێک ناتوانێ بە چەک ھەڕەشە لە ئاسایشی دەوڵەت بکات.
بەپێی ئەو ھەواڵەی لە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە، مستەفا کازمی لە گوتارێکدا کە لە میانی بەشدارییکردنی لە رێوڕەسمێک کە بۆ رێزلێنان لە خانەوادەی شەھیدانی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق کە لە بەغدا رێکخرابوو، رایگەیاندوووە " ئامانج لەو نمایشە سەربازییەی ئەمڕۆ، تێکدانی دۆخی ئەمنیی و دوورخستنەوەی رۆڵی راستەقینەی عێراقە".
کازمی هەرلەمبارەیەوە گوتیشی: "ھیچ کەسێک ناتوانێ بە چەک ھەڕەشە لە ئاسایشی دەوڵەت بکات".
جێگەی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرچاوەکانی ھەواڵ لە عێراق بڵاویانکردەوە، گرووپێک کە خۆی بە "رەبعەڵڵا" ناساندبوو، نمایشێکی چەکداریی لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدای پایتەخت ئەنجامداوە کە لە میانیدا داوای کردووە، بەزووترین کات بوودجەی ٢٠٢١ پەسەند بکرێت، ھەروەھا نرخی دۆلار بۆ ئاستی پێشوو دابەزێندرێت.
ھاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی راگەیاندووە کە دوای ئەنجامدانی نمایشە چەکدارییەکە لەلایەن ئەو گرووپەوە، ھێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندیان لە بەغدای پایتەخت گرتووەتەبەر بە تایبەتیش لە دەورووبەری ناوچەی سەوز.