Muhammed Karim Saedgul
25 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2021
ھەولێر - AA
دەستەی حەشدی شەعبی رەتیدەکاتەوە کە ھیچ جووڵەیەکی سەربازییان لە بەغدا ئەنجام دابێت.
لەدوای بڵاوەپێکردن و نمایشکردنی ھێز لەلایەن گرووپی "ربع اللە" لە بەغدای پایتەخت، دەستەی حەشدی شەعبی لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی خۆی بەو گرووپەوە رەتکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی حەشدە شەعبی-دا ھاتووە، "بە ھەموو شێوەیەک ھەبوونی ھەر جۆرە جوڵانەوەیەک لەلایەن ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو بەغدای پایتەخت، وەکو چۆن لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن ئاماژەی پێکراوە، رەتدەکەینەوە".
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ھەر جوڵانەوەیەکی ھێزەکانیان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان دەبێت.
ھاوکات، ئەوەش روون دەکاتەوە کە لیواکانی حەشدی شەعبی بە ژمارە ناویان دەبرێت نەک بە ناوی دیکە، تەنانەت بەڕێوەبەرایەتییەکانیشی ناوی فەرمی و ناسراویان ھەیە.
جێگەی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرچاوەکانی ھەواڵ لە عێراق بڵاویانکردەوە، گرووپێک کە خۆی بە (ربع اللە) ناساندبوو، نمایشێکی چەکداریی لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدای پایتەخت ئەنجامداوە کە لە میانیدا داوای کردووە، بەزووترین کات بوودجەی ٢٠٢١ پەسەند بکرێت، ھەروەھا نرخی دۆلار بۆ ئاستی پێشوو دابەزێندرێت.
ھاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی راگەیاندووە کە دوای ئەنجامدانی نمایشە چەکدارییەکە لەلایەن ئەو گرووپەوە، ھێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندیان لە بەغدای پایتەخت گرتووەتەبەر بە تایبەتیش لە دەورووبەری ناوچەی سەوز.