Zana Natık Kerem
15 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، شانەیەکی نووستووی تیرۆریستانی لە پارێزگای نەینەوا ھەڵوەشاندووەتەوە کە لە ١٥ تیرۆریست پێکھاتبوو.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، پشت بەستن بە زانیاری ھەواڵگریی و بەدواداچوونی مەیدانی، ھێزەکانی ئاسایش لە پارێزگای نەینەوا، شانەیەکی نووستوویان ھەڵوەشاندووەتەوە کە لە ١٥ تیرۆریست پێکھاتبوو و سەرجەمیان بەپێی فەرمانی دادوە، دەستگیرکراون.
ئاماژە بەوەیشدراوە، ئەو تیرۆریستانەی کە دەستگیرکراون لە میانی وەرگرتنی گوتەکانیاندا، دانیان بەوەداناوە کە پلانیان دانبوو زنجیرەیەک ھێرش بە ئامانجی شڵەژانی رەوشی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا ئەنجام بدەن.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە کە دەستگیرکراوەکان رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی کراون بۆ ئەوەی رێوشوێنیان لە بەرامبەر بگیرێتەبەر.