Zana Natık Kerem
04 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی ٢٩٦ ئاوارەی دیکەی بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا، راگەیاند.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری لقەکان سەربە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، عەلی عەباس جیھاگیر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ٢٩٦ ئاوارەی دیکەی نیشتەجێی کەمپی خازر باشووری پارێزگای نەینەوا، بە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە ژمارەیەک ناوچەی شاری مووسڵ و ژمارەیەک شارو شارۆچکەی پارێزگای نەینەوا.
عەلی عەباس جیھاگیر باسی لەوەشکردووە کە ئاوارەکان دوای تەواوکردنی وردبینی ئەمنیی بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
پێشتر بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کەریم نوری رایگەیاندبوو کە بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق لە دوای ٢٠١٤وە لە ٧٥٠ ھەزار کەس بۆ ٣٧ ھەزار کەس کەمبووەتەوە کە لەو ژمارەیە ٣٠ ھەزاریان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و حەوت ھەزارەکەی دیکەیش لە کەمپی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار و کەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا، نیشتەجێن.
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا کردووە.