Zana Natık Kerem
04 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
لە ئاکامی تەقاندنەوەی ژمارەیەک بۆمبی چێنراو، سێ تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە پارێزگای نەینەوا کەوتنەخوارەوە.
نووسینگەی راگەیاندن لە کۆمپانیای گواستنەوەی وزەی کارەبا لە باکوور سەربە حکوومەتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەڕێگای تەقاندنەوەی ژمارەیەک بۆمبی چێنراو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە، سێ تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە باشووری پارێزگای نەینەوا کەوتوونەتەخوارەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە بەھۆی کەوتنەخوارەی تاوەرەکانەوە، کارەبا لە ژمارەیەک ناوچەی باشووری پارێزگای نەینەوا بچڕاوە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، رەوشی کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبای نیشتمانیی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا کرانە ئامانج کە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی دروست کرد.
لەئێستادا حکوومەتی عێراق، شانەیەکی ئەمنیی بە ئامانجی پاراستنی تاوەرەکانی کارەبای نیشتمانیی پێکھێناوە.