Zana Natık Kerem
27 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە خۆشحاڵن بە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێشکەشکردنی باڵەخانەی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەکەی لە کەرکووک بە زانکۆی کەرکووک کە ئێستا بەدەست فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکەوەیە.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "حکوومەتی عێراق خۆشحاڵە بە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێشکەشکردنی بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایییەکەی خۆی لە کەرکووک بە زانکۆی کەرکووک".
ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی ئەم دەستپێشخەرییەی پارتی دیموکراتی کوردستان حەکیمانە و بەرز دەنرخێنێت.
باسی لەوەشکردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەروەھا پێداگیرانە جەخت لەسەر سەقامگیری ئاسایش و پێکەوەژیان و برایەتی لە کەرکووک و تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکاتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی کارنامەی حکوومەتەکەی بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا.
ئەمەیش داوی ئەوە دێت کە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە بڕیاریانداوە بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی خۆی لە کەرکووک، پێشکەشی بەزانکۆی کەرکووک بکرێت وەکو دیارییەک بۆ قوتابیانی ئەو شارە و پڕۆسەی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شارەکە.
لە سەرەتای مانگی ئابی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی فەرمانی دەرکرد کە بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ڕادەستبکرێن، لەنێویاندا بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە کەرکووک کە ئێستا بەدەست فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکەوەیە.