Heman Hussein Yaseen
27 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2023
هەولێر - AA
رۆژی ٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بزووتنەوەی حەماس ھێرشێکی گەورە و بەرفراوانی مووشەکی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل و ئاژانسەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە لەو ھێرشەدا حەماس زیاتر لە پێنج ھەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و دواتریش ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر غەززە چڕکردەوە و تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە.
وڵاتان بەسەر سێ بەرە دابەشبوونە، بەرەیەک پشتگیری بۆ ئیسرائیل دەربڕیووە، بەرەیەک پشتگیری بۆ فەڵەستین دەربڕیووە و بەرەیەکی دیکەش بێدەنگیی هەڵبژاردووە، تا دێ پڕیشکی ئاگرەکە بەرەو وڵاتانی دیکە دەگوازرێتەوە و، لەناو وڵاتانیش پارتە سیاسییەکان هەڵوێستی جیاوازییان لەبارەی دۆخەکەوە هەیە.
لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە حزبە سیاسییەکان بە ئاشکرا گردبوونەوەیان بۆ پاڵپشتی لە موسڵمانانی کەرتی غەززە ئەنجامداوە و، ئەوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بە بەرپرسیار لەهەمبەر ناسەقامگیریی ناوچەکە و تێکچوونی دۆخەکە دەزانن.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە کێشەی فەڵەستین کێشەی جیهانی ئیسلامییە و، ئاشكرایشی دەکات کە خەریکی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریین بۆ لێقەوماوانی غەززە.
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی، فاروق عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کێشەی فەڵەستین، کێشەی جیهانی ئیسلامییە و تایبەت نيیە بە وڵاتێک، دەبێت هەموو موسڵمانان بە خەمی خۆیانی بزانن، لانیکەم ئەگەر ناتوانن بە دەست ڕۆڵ بگێڕن ئەوا دەتوانن بە زمان پشتیوانییان لێ بکەن و بە دڵ پێیان ناخۆش بێت، چونکە ئەوەی دەگوزەرێت لەدەست هێزەکانی زایۆنیزم هیچ یاسا و دەستوورێک قبوڵی ناکات، لە ڕاستیدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە بێدەنگە و چاوی نوقاندووە، ئەوا خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەوەی کە ئەو دروشمانەی لەسەر مافی مرۆڤ، مافی ژن و مافی خەڵکی مەدەنی، جگە لە درۆ هیچی دیکە نیيە، بۆیە کۆمەڵی دادگەریی بەردەوام ئەوە دووپات دەکاتەوە لە خەمی موسڵمانانی غەززەیە و کێشەی فەڵەستین بە کێشەی خۆی و کێشەی جیهانی ئیسلامیی دەزانێت".
فاروق عەلی گوتیشی: "بەداخەوە بەشێوەیەکی گشتی دەوڵەتانی عەرەبی یان بێلایەنن، یان ماف دەدەنە ئیسرائیل، بەڵام وەکو گەلان لەناو وڵاتاندا بەشێوەیەکی باش پشتیوانی لە دانیشتوانی غەززە و حەماس دەکەن دژی ئیسرائیل".
لەبارەی هەڵوێست و پەیامەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی گوتی: "وەکو کۆمەڵی دادگەریی، ڕێکخراوی بەخشینمان هەیە کە لە هەوڵی کۆکردنەوەی کۆمەکە بۆ لێقەوماوانی غەززە، تا بارودۆخەکە بەردەوام بێت پڕۆسەکەی ئێمەش بەردەوام دەبێت و ئەوکاتە ڕێگایەک دەدۆزینەوە کە چۆن هاوکارییەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بگاتە لێقەوماوانی غەززە".
هاوکات گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی لە کوردستان، خەلیل ئیبراهیم، وێرای دەربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ گەلی فەڵەستین، هەریەک لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواییش بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەمبەر ئەو دۆخەی لە کەرتی غەززە دەگوزەرێت.
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی لە کوردستان، خەلیل ئیبراهیم لەبارەی دۆخی ئێستای فەڵەستین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئاشکرایە کە ئیسرائیل قەوارەیەکی چێنراوە و داگیرکارە، هاوکات شێرپەنجەی ناوچەکەیە و بۆ ئەوە هاتووە کە ڕێگربێت لەبەردەم هەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی و بەرەوپێشچوونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەم قەوارەیە ماوەی ٧٥ ساڵە بەردەوامە لەسەر تاوانەکارییەکانی خۆی".
خەلیل ئیبراهیم گوتیشی: "ئەوەی ئێستا لە غەززە دەگوزەرێت بە هەموو پێوەرێک تاوانی جەنگە، کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدە، هەڵوێستی هەر مرۆڤێکە و دەبێت پڕۆتێستۆی ئەم هێرش و تاوانکارییە بکات، ئەوەی ئیسرائیل دەیکات، پێشێلکارییە بەرامبەر مافی مرۆڤ".
لەبارەی هەڵوێستی حزبەکەشیان، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی گوتی: "ئێمە هاوسۆز و هاوخەمین، پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین دەکەین، داواکارین بە زووترین کات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ ئەوەی ئەم هێرشە بوەستێت، هەروەها لێپێچینەوە لە ئیسرائیل بکرێت لەسەر ئەم بابەتە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وای دەبینین کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تەحەمولی ئەو بەرپرسیاریەتيیە دەکەن چونکە پشتیوانی بێسنووری ئەو قەوارە زایۆنيیەن و گڵۆپی سەوزیان بۆی هەڵکردووە".
خەلیل ئیبراهیم پێیوایە کە دەبوو هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای لەمبارەیەوە هەبوایە و گوتی: "بەداخەوە دەبوو هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی باشتر و ڕوونتری هەبووایە، ئێمەش وەکو یەکگرتووی ئیسلامیی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییمان لە شار و شارۆچکەکان ئەنجامدا، هەڵوێستمان دیارە و ئاشکرایە و ئیدانەی کارەکان دەکەین".
گوتیشی: "پێمانوایە دروشمی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە باسی دیموکراسی و مافی مرۆڤە هەمووی کەوتە ژێرپرسیار و هاوکێشەکان هەمووی سفڕبوونەوە".
هاوکات بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە ئەم کۆمەڵکوژییە ڕابگرێت، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە سەردەکێشێت بۆ هەندێک لە وڵاتانی دیکە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، نیعمەت محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو بزووتنەوە هەڵوێستی خۆمان هەبووە بە گردبوونەوە و دەرکردنی بەیاننامە دژی ئەو زوڵم و ستەمەی لە موسڵمانانی غەززە دەکرێت و ناڕەزایەتیمان دەربڕیووە، داوامان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هەبووە کە ئەم کۆمەڵکوژییە رابگیرێت".
لەبارەی داواکارییەکانییانەوە، نیعمەت محەمەد گوتی: "هەوڵ هەیە، هەروەها رژێمی زایۆنی چەند وڵاتێکی وەک ئەمریکا و ئەورووپایی لەپشتەوەیە و وڵاتانی ئیسلامییش دەتوانن هەوڵەکانییان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو زوڵم و ستەمە بوەستێنرێت".
لەبارەی لاوازی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبییەوە، نیعمەت محەمەد گوتی:"هەڵوێستی وڵاتانی وڵاتانی عەرەبی جێگای ڕەزامەندی خەڵک نیە، چونکە دەسەڵاتدارەکان وەک پێویست نەهاتوون لەسەر دۆخەکە قسە بکەن".