حکوومەتی عێراق: "تا ئێستا ٦٠٠ ھەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان"
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: "لەئێستادا، تەنھا ٣٧ ھەزار خێزانی ئاوارە ماوەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان کە سەرجەمیان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن".
Arbil
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا ٦٠٠ ھەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، عەلی عەباس جیھانگیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەئێستادا، ٣٧ ھەزار خێزانی ئاوارە ماوەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و گوتی: "ئەو ٣٧ ھەزار خێزانە ئاوارەیە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا، نیشتەجێن".
گوتیشی: "زۆربەی ئاوارەکانی قەزای شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن".
عەلی عەباس جیھانگیر ئاشکراشیکردووە کە بەپێی ئەوەی لای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمارکراوە، تا ئێستا ٦٠٠ ھەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، عەلی عەباس جیھانگیر راشیگەیاند کە دەرگای گەڕانەوە لە بەردەم خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان کراوەیە و گوتی: "گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پەیوەستە بە ژمارەیەک ھۆکار لەوانە خواستی خێزانە ئاوارەکان لەوەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان یان دەیانەوێت لە کەمپەکاندا بمێننەوە".
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا کردووە.