Rewa Mahmood Hasan
04 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2021
سلێمانی-AA
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکی ئەو حزبە، بافڵ تاڵەبانی کۆتایی هات.
بەپێی زانیارییەکانی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون لە کۆبوونەوەکەدا، چەند بڕیارێک سەبارەت بە رەوشی نوێی یەکێتی دراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە لەسەر ئەوەی کە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەنجام بدرێت و تیایدا سیستەمی هاوسەرۆکیی هەڵوەشێنرێتەوە و دواتر لە دەنگدانێکدا بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ئەو حزبە هەڵبژێردرێت.
زانیارییەکان کە تا ئێستا پشتراست نەکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە بافڵ تاڵەبانی بەڕەسمی و بەدەنگی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی دەکرێتە سەرۆک، پاشان لە پلینۆمدا هەیکەلی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی یەکێتی کەم دەکرێنەوە و لەنێوان ۳٥ بۆ ٤۳ کەس هەڵدەبژێردرێنەوە.
بەپێی راگەیەندراوی فەرمی کۆبوونەوەکە بێت لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی بواری حزبی و هەڵبژاردنەکان تاوتوێکران و تیایدا هاتووە ''کۆبوونەوە وێڕای گفتوگۆی لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەکێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەکان و دیاری کردنی رێوشوێنی دروست بۆیان لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و ھێمنی ھەرێمی کوردستان بە شاری سلێمانیشەوە، تەئکید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەکتەب و دەزگاکانی یەکێتیی کرایەوە بەرەو هەڵمەتێکی پڕ جۆش و خرۆشی پێکەوەیی و دیموکراتییانە بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی کوردستان کە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا".
لە بەشێکی تری راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە ''مەکتەبی سیاسی گشت مەکتەب و مەڵبەندەکان و ئۆرگانەکانی یەکێتیی راسپارد کە هاوشانی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمان پەیوەستی میحوەر و بازنەکانی هەڵبژاردن بن، کە ئەرکی هەرە لە پێشینەیانە بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردندا، چونکە سەرکەوتنی هاوپەیمانی کوردستان ئاسۆیەکی روون و نوێ لەبەردەم گەلی کوردستان دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی خەباتی پەرلەمانی و دیموکراتی و لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە کە هەر بە بژاردەی گفتوگۆ و رێوشوێنی سیاسی دەگەیەندرێتە ئەنجام''.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چواری ئابی ٢٠٢١ لە شاری سلێمانی و لەدوای رووداوەکانی هەشتی تەمووزەوە بۆ جاری دووەم، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی بەست.
کۆبوونەوەکە کە بەسەرپەرشتی هاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی بەڕێوەچوو.