Tarek Fathi Mohamed,Hamdi Yıldız
04 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2021
ئیستانبوڵ - AA
نوێنەری ھەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەلعاد ئەردان داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد "بەتۆمەتی ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئاوە نێودەوڵەتییەکان، سەرکۆنەی ئێران بکات و سزاى بدات".
لەو سکاڵا فەرمییەی کە جەلعاد ئەردان پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، ئێرانی بە بەرپرسی ئەو ھێرشە داناوە کە لە ٢٩ی تەمووزی رابردوودا لە زەریای ھیندی کرایە سەر کەشتیی "مێرسەر ستریت"ی ئیسرائیلی کە کوژرانی دوو کارمەندی کەشتییەکەی لێکەوتەوە.
نوێنەری ھەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەلعاد ئەردان ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەوە نموونەیەکی دیکەی ئەو کارە تیرۆریستییانەیە کە ئێران لە دەریاکاندا ئەنجامی دەدات" و رایگەیاندووە:
"ئەو کردەوە خۆبەزلزانین و تاوانکارییانەی ئێران ئەنجامی دەدات، پێشێلکاريە بۆسەر پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و تەنھا ھەڕەشە نییە بۆسەر دەریاوانيی نێودەوڵەتی و ھاتوچۆی کەشتییەکان و تێکدانی رەوشى بازرگانيی جیھانی، بەڵکو لە ھەمان کاتدا ناسەقامگیری ئەو ناوچەیە زیاددەکات کە خۆی نائارامە".
جەلعاد ئەردان لە سکاڵاکەی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "نابێت نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر پێشێلکارییەکانی ئێران کە لە ھەر سوچێکی ناوچەکە لەگەڵ رێکخراوە تيرۆريستييەكان ئەنجامی دەدات، دەستەوەستان رابوەستێت" و داوای کردووە کە دەبیت سەرکۆنەی ئێران بکرێت و لەهەمبەر ئەم کارە قیزەونەیدا، سزا بدرێت.
کەشتیی "مێرسەر ستریت"ی سەربە کۆمپانیای دەریاوانی زۆدیاک ماریتایم کە ناوەندەکەی لە بەریتانیایە و لەلایەن بزنسمانی ئیسرائیلی، ئیال عۆفەرەوە خاوەندارێتی دەکرێت، رۆژی ٢٩ی تەمووزی رابردوو لەکاتی چوونی لە تانزانیاوە بۆ ئیمارات لە زەریای ھیندی دووچاری ھێرشێک بوویەوە و ھێرشەکە کوژرانی دوو کارمەندی کەشتییەکەی لێکەوتەوە.