Abdullah Abdulmanaf Shukur
30 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2019
ھەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح پێشوازی لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئیرەج مەسجدی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دوو شەممە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئیرەج مەسجدی کردووە.
لە میانی دیدارەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر پێویستی بەھێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەل بکات.
لە دیدارەکەی نێوان بەرھەم ساڵح و ئیرەج مەسجدی دووپات لە گرنگی پشتیوانی سەقامگیری عێراق و رێزگرتن لە ئیرادەی نیشتمانی لە پرۆسەی چاکسازی کرایەوە دوور لە دەستوەردانی دەرەکی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:
"لەمیانی دیدارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەقامگیری و سەربەخۆیی عێراق پایەیەکی گرنگە بۆ ئاسایش و لێکگەیشتنی ناوچەکە، لە ھەمان کاتدا پێگەیەکە بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیھان، ھەروەھا ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە، لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەش."