Zana Natık Kerem
06 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح راگەیاند كە گرنگە بەپەلە یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریی بكرێت.
نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەلام لەگەڵ جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن كەعبی كۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، پێشهاتەكانی رەوشی سیاسیی، ئەمنیی و ئابووریی لەگەڵ ئەو هەوڵانەی كە لەلایەن تیمەكانی پزیشكییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) خراونەتەگەڕ، تاوتوێ كراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا بەرهەم ساڵح راگەیاندووە، گرنگە بەپەلە یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریی بكرێت.
پێشتر راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان، حوسێن هینداوی رایگەیاندبوو كە حكوومەت ئامادەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات، بەڵام بەو مەرجەی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران تەواو بكرێت.