Hawkar Yaseen
06 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
هەولێر AA
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی کرد، ئەو لیژنەیە بەرپرسە لە چاودێریکردن و جێبەجێکردنی یاساکە لە سەرجەم وەزارەتەکانی سەربە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەکە جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان تیایدا بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی و رەشنووسی ئەو پەیڕەوانە کرا کە تایبەت بە یاساکە ئامادەکراون.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکردن دەربارەی رەشنووسی چەند پەیڕەوێکی ناوخۆ کە لە پێناو ئاسانکاریکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئامادەکراون کرا و تێبینی و سەرنجی پێویستیان لەبارەوە خرایە روو، بڕیاریشدرا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیان لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردن و دەنگدان دەبێت لەسەر ئەم پەیڕەوانە و تەوەرێکی دیکەیشی تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا و دوا هەنگاوەکانی چارەسەری کێشەکان.
یاسای چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کورستان لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کاری لەسەر دەکرێت و دەیان کۆبوونەوەی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان و حکوومەتی لەسەر کرا و چەندین جاریش گۆڕانکاری لە بەند و ماددەکانیدا کرا تاوەکو گەیشتە ئەو قۆناغەی لە رۆژی یەکی تەمووزەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئەو بەرنامەڕێژییەی بۆ دەرچواندنی یاساکەش کراوە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت داهاتێکی زۆر بۆ گەنجینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە پێشتر بە خانەنشینی نایاسایی و دوو مووچە و بندیوارەکان دەدرا و یاساکە هەموو ئەوانە و پلەی فەرمانبەران و خانەنشینانی یاسایش رێکدەکاتەوە و مووچە زیادە دراوەکانیش دەبڕێت.