سياسەت

وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان: "زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا هەمانە بتوانین کەس دابمەزرێنین"

- دارا رەشید: "لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش، دەتوانم بڵێم لەسەدا ٩٠ی بوودجە بۆ مووچەیە، ئێستا لەم دۆخەدا لە هەرێمی کوردستان لەسەدا سەدی داهاتمان بۆ مووچەیە، شتێکی زۆر کەم دەمێنێتەوە کە بتوانین ئیشی رۆژانەی بەکاربردنی پێ بەرێ بکەین".

Hawkar Yaseen  | 14.09.2021 - نوێکردنەوە : 15.09.2021
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان: "زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا هەمانە بتوانین کەس دابمەزرێنین"

Arbil

هەولێر - AA

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان، دارا رەشید مەحمود رایگەیاند "روون و راشکاوبم لەگەڵتان، زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا ھەمانە بتوانین کەس دابمەزرێنین، ئێستا بەزۆر توانیومانە مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دابین بکەین کە ھەیە، بەڵام ئەگەر دۆخی دارایی باش بێت لە ساڵی ٢٠٢٢ بەدڵنیایییەوە ھەندێک چین دادەمەزرێنرێن".

وەزارەتی پلاندانان داڕێژەری نەخشەڕێگای کار و پرۆژەکانی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکان بۆ داڕشتنی نەخشەی حکومڕانی و جێبەجێکردنی پرۆژەکان.

وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید مەحمود لە دیمانەیەکی تایبەتی ئاژانسی ئانادۆڵودا، وەڵامی چەند پرسیاری گرنگیی تایبەت بە بوودجەی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی دەرگای دامەزراندن، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی و پرسی پاراستنی سامانی ئاو و دروستکردنی بەنداو دەداتەوە.

یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی یاسای بوودجە بوو بۆ هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە نییەتی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە حکوومەت سەرقاڵی داڕشتنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجە و جێبەجێکردنی ئەو بەڵینەی بوو، بەڵام هەتاوەکو ئێستا نەیتوانیوە پرۆژەیاساکە ئامادەبکات.

دارا رەشید مەحمود لە وەڵامی چارەنووسی پرۆژەیاساکەدا رایگەیاند "پرۆژەیاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، بەڵام بەشێکی سەرەکی کە تەواوکاری بوودجەی هەرێمی کوردستان دەکات ئەو بەشە بوودجەیەیە کە لە یاسای بوودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، بەو رێژەیەی کە دیارییکرابوو، ئێمە حساباتی خۆمان کردبوو کە تەواوکاری دەبێت بۆ داهاتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پاش پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە حکوومەتی فیدراڵیی لەسەر یاسای بوودجەی فیدراڵیی ئەو پارەیەی کە پێویست بوو بهاتایە دەمانتوانی یاسای بوودجەی هەرێمی کوردستانی پێبچێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، بەڵام بەداخەوە لەبەر هەندێک کێشە، ئەو بەشە بوودجەیە نەهات بۆ هەرێمی کوردستان، تەنها ئەوە دوو مانگە سلفەیەکمان بۆ دەنێرن ئەوەش تەنها بەشی ئەوەی کرد کە لێبڕینی مووچە نەهێڵین".

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند "هیوامان وایە ئەو رەشنووسەی بۆ پرۆژەیاسای بوودجەمان ئامادەکردووە لەسەر ئەو بنەمایە ئامادەی بکەین بۆ ساڵی داهاتوو و لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەرێمی کوردستان یاسای بوودجەمان هەبێت، بەدڵنیاییش بۆ ئەمەشیان پێویستمان بەوە دەبێت کە لە یاسای بوودجەی فیدراڵیی ئەو ماف و ئەرکانەی کە لە یاساکەدا جێگیرکراوە وەک خۆی کاری لەسەر بکرێت، ئێمە ئەوەی لەسەرمانە کردوومانە و بەهیواین مافەکانیشمان لەو یاسایەدا پێبدرێت".

گوتیشی: "یاسای بوودجە لەو بڕوایەدانیم ئەمساڵ کاری لەسەر بکەین، بەڵام هیوام وایە لە ساڵی ٢٠٢٢ بتوانین یاسای بوودجەمان هەبێت".

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان، دارا رەشید مەحمود لە وەڵامی ئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لە مانگی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک حکوومەت پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی داهاتوو بنێرێتە پەرلەمان، بەپێی ئەو پەیڕەوە مانگی داهاتوو حکوومەت پرۆژەیاساکە دەنێرێتە پەرلەمان؟ رایگەیاند "راستە پەیڕەو بەوجۆرەیە، بەڵام هەموو لایەک دەزانن لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەرێمی کوردستان یاسای بوودجەی نەبووە و یاسای بوودجە لە حکوومەتی فیدراڵییش دواکەوت، ئەمساڵ یاسای بوودجەی ٢٠٢١ لە مانگی چوار پەسەندکرا و تا کەوتە بواری جێبەجێکردن گەیشتە مانگی شەش، ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێش ئەوان پرۆژەیاسای بوودجەمان ئامادەکردبوو، بەڵام بەهۆی ئەو کێشانەی هاتنە پێش نەمانتوانی بوودجەکە بەتەواوی بنێرینە پەرلەمان لەبەر ئەوەی ئەو پشکەی حیسابمان لەسەر کردبوو کە لە بەغدا بێت نەهات، ئێستا هەموو هەوڵەکەمان بۆ ئەوەیە کە زوو بینێرینە پەرلەمان، چونکە رەشنووسەکەی ئامادەیە، بەڵام چاوەڕیی ئەوەین بزانین یاسای بوودجەی ٢٠٢١ی عێراق بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام دەبێت یان یاسای بوودجەی ٢٠٢٢ جێبەجێ دەکرێت، چونکە پێشتر قسە لەسەر ئەوەبوو یاسای بوودجەی ٢٠٢١ بۆ دوو ساڵ دەبێت نەک یەک ساڵ".

دارا رەشید مەحمود دەربارەی ئەوەی ئەو رەشنووسەی ئامادەکراوە بڕی بوودجەی هەرێمی کوردستان بە چەند خەمڵێندراوە و چۆن دابەشکراوە بەسەر سێکتەرە جیاوازەکاندا گوتی: "نەمانتوانی ژمارەی کۆتایی ئامادەبکەین، چونکە بوودجە سێ کۆڵەکەی سەرەکی هەیە، داهات، خەرجی و کورتهێنان، ئێمە داهاتەکانمان روون نەبوو بەتەواوی، چونکە داهاتی نەوتی و نانەوتیمان دیاریی کرد بەپێی ئەو لێبڕینانەش کە بەپێی یاسای بوودجەی عێراق دەینێرین بۆ بەغدا، خەرجییەکانیشمان روونە و دیارە مووچەمان چەندە و وەبەرهێنان چەندە و بەکارخستنمان چەندە، بەڵام کورتهێنانێکی زۆرمان دەبێت لەبەر ئەوەی لە داهات کێشەمان هەیە ئەو بەشە بوودجەیەی دەبوو لە بەغدا بۆمان بێت نەهاتووە، ئەوەی کە ئێستا دێت وەک سلفەیە نەک بوودجە و دوایی دەبێت پاکتاوی بکەین، ئەو ٢٠٠ ملیارە بەشی ئەوە ناکات کە لەگەڵ داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی خۆمان، خەرجییەکان و کورتهێنانیش پڕبکەیتەوە".

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان، دارا رەشید مەحمود گوتیشی: "خەرجییەکان دابەشکراوە لەسەر بنەمای ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ مووچەی مانگانە. لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش دەتوانم بڵێم لەسەدا ٩٠ی بوودجە بۆ مووچەیە، ئێستا لەم دۆخەدا لە هەرێمی کوردستان لەسەدا سەدی داهاتمان بۆ مووچەیە شتێکی زۆر کەم دەمێنێتەوە کە بتوانین ئیشی رۆژانەی بەکاربردنی پێ بەرێبکەین لەگەڵ هەندێک لەو پرۆژانەی جار جار حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ تەرخاندەکات، لای حکوومەتی عێراقیش وایە، مووچە پشکی شێری بەرکەوتووە، بەڵام ئەگەر بەپێی یاسای بوودجەی فیدراڵیی پشکی هەرێمی کوردستان بهاتایە، ئێمە دیارییمان کردبوو دیارە کە مووچە بە تەرخانکردنی لەسەدا سەد چەندە و بوودجەی بەکاربردن و وەربەرهێنانیش چەندە".

لە دیمانەیەکی پێشتردا ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند کە یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پرۆژەیاسای بوودجە ناکۆکی نێوان سەرۆکی حکوومەت و وەزیرانی دارایی و پلاندانان بووە لەسەر دەسەڵاتە داراییەکان، لەمبارەیەوە وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید لە وەڵامدا گوتی: "هیچ کاتێک کێشە لەسەر دەسەڵات نەبووە، سەرۆکی حکوومەت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە و یاساش دەسەڵاتی وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی داناوە، وەزارەتی دارایی دیارە بوودجەی بەکاربردنی لایە، وەزارەتی پلاندانان بوودجەی وەبەرهێنانی لایە بە پەرەپێدانی پاریزگاکانەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش باڵاترین دەسەڵاتە کە هەم دەسەڵاتی لەسەر وەزارەتی دارایی هەیە هەم وەزارەتی پلاندانانیش، بۆیە هیچ کێشەیەکی وانییە، بەپێچەوانەوە هەرگیز رۆژێک کێشەی دەسەڵاتمان نەبووە لەگەڵ وەزیری دارایی و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی حکوومەت".

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان دەربارەی ئەوەی هۆکار چییە تا ئێستا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە رایگەیاند "لە ماددەی ١١ی یاسای بوودجەی عێراق بەڕوونی پابەندییەکان و مافەکان دیارییکراوە، بەڕوونی ئەوەی پێویستە لەسەر هەرێمی کوردستان دایناوە لەبەرامبەریشدا مافمان هەیە، ئەوەی کە دانراوە رادەستکردنی پارەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت، هەندێک قەرزی بانکی تی بی ئای عێراقی، لەگەڵ داهاتە فیدراڵییەکان کە پێویستە هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدای بکات، ئێمە وەک خۆمان هەموو مانگێگ وەزارەتی دارایی نووسراوی کردووە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان ئەو پابەندییانەی لەسەریەتی جێبەجێی بکات، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا مافەکانیش وەربگرێت، بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراقی نەهاتووە ئەو پابەندییانەی کە هەیە لەگەڵماندا پاکتاوی بکات و مافەکانمان بداتێ و بەوە کۆتاییان پێ هێناوە هەتاوەکو کۆتایی ساڵ ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە وەک سلفە وەربگیرێت کە بەڕاستی ئەوەش ناهەقییە، چونکە یاسای بوودجەی عێراق لە ١/١/٢٠٢١ دەست پێ دەکات تاوەکو ٣١/١٢/٢٠٢١، ساڵ ١٢ مانگە، بەڵام ئێمە ئەوە دوو مانگە سلفەی ٢٠٠ ملیار دیناریمان وەرگرتووە دەبوو لە سەری ساڵەوە بۆمان ئەژمار بکرایە، چونکە بۆ هەموو وەزارەتەکان و پارێزگاکان وابوو لە سەری ساڵەوە بۆیان ئەژمارکرا".

یاسای چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووزەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکرنەوە و لە وەڵامی ئەوەی لەڕێگای ئەو یاسایەوە چەند داهات بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە، دارا رەشید مەحمود گوتی: "بەڕای من نابێت یاسای چاکسازیی بەوە هەڵبسەنگێنیت کە چەند پارەت بۆ دەگەڕێتەوە، چاکسازیی پرۆسەیەکی بەردەوامە، ئەوەی کە چەند داهات گەڕاوەتەوە بۆ نموونە مووچەی زۆر خەڵک بڕاوە، بەڵام ئەوانە خەڵکی هەق و ناهەقیشی تێدایە، من قسەم لەسەر ئەوە نییە کەسێک پلەی وەزیری هەبووە و هەرگیز وەزیر نەبووە لەمەدا یاساکە زۆر بەڕوونی ئەو مووچەیە دەبڕێت، بەڵام خەڵک هەیە خزمەتی هەبووە پێشتر بە یاسای خانەنشینی یان بە پلەی تایبەت خانەنشین کراوە پێویستی بەوە نەبووە خستنەسەری خزمەتەکەی بکات، بۆ نموونە کەسێک بووە بە بەڕێوەبەری گشتی کە لەو پلەیە کاری تەواو بووە راستەوخۆ بە مووچەی لەسەدا ٨٠ خانەنشین کراوە و لە یاسای چاکسازیی بەرزترین مووچە بۆ پلە تایبەتەکەکان لەسەدا ٥٠ بۆ ٦٠ە زۆر خەڵک هەیە کە لە پلە تایبەتەکان بووە بە لەسەدا ٨٠ی مووچەکەی خانەنشین بووە، بەڵام خزمەتی هەیە، ئەوە یەکێکە لە کێشەکان، بەڵام ئەوەیش بەپێی رێنمایی وەزارەتی دارایی چارەسەرکراوە، هەرکەس خزمەتی راستەقینەی هەبێت مافی خۆیەتی بیخاتە سەر ساڵانی خزمەتەکەی".

دەربارەی ئەو گلەییەی کە لەسەر بڕینی مووچەی هەندێک لە سەرکردە دێرینەکان ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند "یەکێک لەوانە کە زۆرجار باسکراوە شەهیدی سەرکردە جەبار فەرمانە، کاک جەبار فەرمان بەگوێرەی یاسای پێشمەرگە هەرساڵێکی پێشمەرگایەتی پێش ٥/٣/١٩٩١ بە دوو ساڵ خزمەت بۆ حیسابە، زۆر خەڵکی تێکۆشەری دیکەی هاوشێوەشمان هەیە، کێشەکە لەوەدابوو کە پێشتر خانەنشین بووە و پێویستی بە خستنەسەری ئەو خزمەتە نەبووە کە لە یاسای چاکسازیی دیارییمان کردووە کە دەبێت تەمەنی خانەنشین ٤٥ ساڵ بێت و کەمترین خزمەتیش ١٥ ساڵ بێت، پێشتر ئەمە نەبووە، بۆ ئەمە لێکتێنەگەیشتنێک هەبوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی پێی وابوو کە دەبێت خستنەسەری خزمەت نەکرێت، ئێستا وەزارەتی دارایی و لیژنەی چاکسازیی ئاگادارینامەیەکیان بڵاوکردەوە کە هەرکەسێک خزمەتی فیعلی هەبێت هەقی خۆیەتی بیخاتە سەر ساڵەکانی خزمەتی".

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان، دارا رەشید مەحمود دەربارەی ئەوەی هیچ جیاوازی حزبیی کراوە لەم بابەتەدا گوتی: "نەخێر، یاسای چاکسازیی زۆر روونە نە یەکێتی دەناسێت نە پارتی و نە خەڵکی دیکەش، روونە ئەوەی خزمەتی راستەقینەی نەبێت مافی ئەوەی نییە خانەنشین بێت".

کێشەی گەورەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە چەند ساڵی رابردوودا، نەبوونی هەلی کاری کەرتی گشتیی و دامەزراندن بوو. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆ سالی داهاتوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی کردنەوەی دەرگای دامەزراندنی هەیە، وەزیری پلاندانان دارا رەشید رایگەیاند "روون و راشکاوبم لەگەڵتان زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا هەمانە، ئێستا بەزۆر توانیومانە مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دابین بکەین کە هەیە، بەڵام ئەگەر دۆخی دارایی باشبێت لە ساڵی ٢٠٢٢ بەدڵنیایییەوە دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، دامەزراندنی ئەوانەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە کە بۆئەمە کێشەی زۆرمان هەیە، دامەزراندنی پزیشکان و زۆرینەی سێکتەرەکانی دیکە بۆنموونە مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ، ئەمانە هەمووی کێشەی راستەقینەی ئێمەن، بەڵام دۆخە داراییەکە لەم کاتەدا رێگای ئەوەمان پێ نادات".

دارا رەشید مەحمود دەربارەی ئەوەی پلانی خێرای وەزارەتەکەی چییە بۆ رەخساندنی هەلی کار کە ئێستا کێشەی گەورەی لاوانی هەرێمی کوردستانە گوتی: "ئێستا ئەگەر حکوومەت دۆخی داراییشی باش بێت ناتوانێت ئەو ریزبەستنەی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دروست بووە دایانمەزرێنیت، بۆیە پلانی جێگرەوە ئەوەیە کەرتی تایبەت کارا بکرێت و دامەزراندن لە کەرتی تایبەت وەک کەرتی گشتی بێت، دەبێت بە یاسا وا لە خەڵک بکەین کە رووەو کەرتی تایبەت بڕوات و هەموو ئەو مافانەی لە کەرتی گشتی هەیەتی لە کەرتی تایبەتیش هەیبێت، بۆ نموونە خانەنشینی لە کەرتی گشتی هەیە لە کەرتی تایبەتیش هەبێت، مۆڵەت و مافەکانی دیکەی فەرمانبەر لە هەردوو کەرتەکەدا وەک یەک بن، ئەگەر وامان لێکرد ئەو باشییانەی لە کەرتی گشتی هەیە بیهێنینە کەرتی تایبەت، لەژێر چەتری حکوومەت سندوقی خانەنشینی کەرتی تایبەت دانرا و مافەکانی بۆ دابینکرا بەدڵنیایییەوە خەڵک روو لە کەرتی تایبەت زیاتر دەکات، خەڵک پاراستنی دەوێت بە یاسا نەک کەی خاوەن کۆمپانیایەک میزاجی نەبوو کارمەندەکەی دەربکات".

گوتیشی: "توێژینەوە و خوێندنەوەمان بۆ کردووە، ئەگەر تاوەکو ٢٠٤٠ بەم میکانیزم و شێوازەی ئێستا بڕۆین دۆخمان زۆر خراپتر دەبێت، دەبێت بەو ئاراستەیە بڕۆین کەرتی تایبەت کارا بکەین بە یاساش پەیوەندی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی رێکبخەین".

- کێشەی وشکەساڵیی و ئاو

ئێستا هەوڵی هەموو دەوڵەتان لە دنیادا بەئاراستەی شەڕی دابینکردنی ئاوە، هەموو دەوڵەتان سەرقاڵی دروستکردنی بەنداوی گەورەن، بەگوتەی پسپۆڕان لە چەند ساڵی داهاتوودا هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمی عەمبارکردنی ئاو و کەمی بەنداوەکانی رووبەڕووی قەیرانێکی زۆری دابینکردنی ئاو دەبێتەوە، لەبارەی پلانی وەزارەتی پلاندان بۆ ئامادەکاری ئەو شەڕە نوێیە، وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان، دارا رەشید مەحمود رایگەیاند "قەیرانی کەمی ئاو ئێستا بووەتە قەیرانێکی جیهانی بەڵام بەنداو یەکێک لەو هۆکارە باشانەیە کە لە قەیرانی کەمئاوی دەتپارێزێت، بەڵێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە و چەند بەنداوێکمان ئیستا لە پرۆسێسدان، مانگی رابردوو نۆ بەنداومان راگەیاند بەشێوازی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هەندێک بەنداوی دیکەش بوودجەی بۆ دابین دەکەین لە رێگای حکوومەت، ئەو نۆ بەنداوەش کە باسمکرد سیانیان لە سنووری پارێزگای هەولێرە، سیانیان لە سلێمانی و سێشیان لە دهۆک کە پێموایە ئەوانە لە قۆناغەکانی کۆتایین کۆمپانیاکان دەرخستەی خۆیان پێشکەشکردووە و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ خوێندنەوەیان بۆ دەکەین، لەو بروایەم لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوینە قۆناغی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە و بە دروستکردنی ئەو نۆ بەنداوەش هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی باشتر هەم بۆ کۆکردنەوەی ئاو هەم بۆ گەشتوگوزار و هەم وەک سەرچاوەیەکی دابینکردنی کارەبا".

وەزیری پلاندانانی ھەرێمی کوردستان، دارا رەشید مەحمود دەربارەی ئەوەی هیچ پلانێکیان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی تەواوکردنی کارەکانی بەنداوی بێخمە کە دەبووە یەکێک لە گەورەترین بەنداوەکانی عێراق گوتی: "بەنداوی بێخمە راستە بەنداوێکی گەورەیە، بەڵام بوودجەیەکی گەورەشی دەوێت، ئەوە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە دابینی بکات، بەنداو بە یەکێک لە بابەتە سیادییەکان دادەنرێت و پێویستە بوودجەی لە حکوومەتی فیدراڵیی بۆ دابین بکرێت، ئاوی عێراق بەناو هەرێمی کوردستاندا دەڕوات ئەگەر پێشتر حکوومەتی فیدراڵیی بەنداوی باش و گەورەی دروست بکردایە ئاو بۆ هەرێمی کوردستان و ئینجا پارێزگاکانی عێراقیش کۆدەبووەوە، بەڵام کە نەکراوە کەمتەرخەمییە، بەنداوی بێخمەش لەبەر ئەوەی پارەیەکی گەورە و زەبەلاحی دەوێت پێوستە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی عێراقی خەمێکی لێ بخوات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن