Sarmand Hameed
06 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
ههولێر- AA
شرۆڤەکاری بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و تیرۆرکرا.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لەسەر دوو ماتۆڕسکیلەوە، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی زەیونە، تەقەیان لە هیشام هاشمی كردووه.
بە گوتەی سەرچاوەكه، هیشام هاشمی دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئیبن نەفیس، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوه.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هاشمی ژمارەیەک زۆر گوللەی بەرکەوتبوو، بۆیە سەرەڕای هەوڵە پزیشکییەکان بەڵام نەتوانرا گیانی رزگاربکرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا سەعد مەعن لەکاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکدا لە یەکێک لە کەناڵە لۆکاڵییەکانی عێراق، کوژرانی هاشمی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، تەرمەکەی بەمەبەستی توێکاریی رەوانەی پزیشکی دادوهریی لە بەغدا كراوه.
دوای رووداوەکەش چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و تا ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لەو کردەوەیە رانەگەیاندووە.
هیشام هاشمی ساڵی ١٩٧٣ لە بەغدا لەدایکبووە و کەسێکی شارەزا و شرۆڤەکار بووه لە بواری گرووپە چەکدارییەکان و چەندین لێکۆڵینەوەی لەوبوارەدا هەیە.