Heman Hussein Yaseen Yaseen
16 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح پێشوازی کرد لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری.
نووسینگەی سەرکۆماری عێراق بڵاویکردەوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرکۆماری عێراق جەختی لە گرنگی ھەماھەنگی دیدی ھاوبەش و گفتوگۆی جددی کردەوە لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و چەسپاندنی دادپەروەری و بەرژەوەندی خەڵک.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح بڕوای تەواوی بەلێکگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەربڕیووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بەھەموو ھاووڵاتییان.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی کرد بەخواستی حکوومەتەکەی بۆ چڕکردنەوەی گفتوگۆیەکان بەپێی دەستوور لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و بەھێزکردنی پەیوەندی برایانە.