Sarmand Hameed
03 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2023
هەولێر- AA
بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی پاسەوانەکانی بەرەی تورکمانی عێراقی لە کەرکووک، ئەحمەد تاهیر لە ئەنجامی کردەوەیەکی تیرۆریستییدا گیانی لەدەستدا.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، حەسەن توران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە " تیرۆریستان بۆمبێکیان بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی پاسەوانەکانی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک و ئەفسەری خانەنشین، ئەحمەد تاهیر، لکاندووە و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەکەوە ناوبراو شەهید کرا و گەیشت بە کاروانی شەهیدانی تورکمان".
حەسەن توران بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کردووە و رایگەیاندووە "شەهیدەکەمان خزمەتێکی گەورەی بە دۆزەکەمان کردووە. لەدەستدانی کەسایەتییەکی وا گرنگ لەم قۆناغە هەستیارەدا خەسارەتێکی گەورەیە بۆ گەلی تورکمان''.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی داوای لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و دامەزراوە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان کردووە وردەکاریى ئەو کردەوە تیرۆریستییە ئاشکرا بکەن و تۆمەتبارانی سزا بدرێن، هەروەها داوا کراوە کە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ سەپاندنی ئاسایش لە پارێزگای کەرکووک.
هاوکات سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەرشەد ساڵحی لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند: ''شەهیدکردنی بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی پاسەوانەکانی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئەحمەد تاهیر زۆر نیگەرانیی کردین. کردنە ئامانجی کادیرانی بەرەکەمان لەلایەن تیرۆرۆستانەوە نیشانەی ئەوەیە کە تورکمانەکانی عێراق ناتوانن لەم ناوچەیەدا بەئاسوودەیی بژین''.
بڕیارە لە ناوەندی گشتیی بەرەی تورکمانی عێراقی لە کەرکووک، پرسە بۆ ئەحمەد تاهیر دابنرێت.