Heman Hussein Yaseen
04 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2023
ههولێر - AA
بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پشتیوان سادق، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاری نانەکەلی، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئارێز عەبدوڵڵا، نوێنهری كۆنسوڵخانهی توركیا له ههولێر و ژمارەیەکی دیکە لە حزب و لایەنە سیاسییەکان یەکەم کۆنگرەی پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆنگرەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد و دواتر ئامادەبووان بۆ چەند خولەکێک بۆ گیانی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تورکیا وەستان.
ئەحمەد سەید یەعقوب بەناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی دامەزرێنەری پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان، مەحموود چەلەبی وێرای بەخێرھێنانی میوانان تیشکی خستەسەر ھۆکارەکانی دامەزراندنی پارتەکەی و گوتی: ''تورکمان لە دێرزەمانەوە سەلماندوویەتی کە میللەتێکی کاریگەرە، لە مێژووشدا چەندین نەتەوە زوڵمیان لێکراوە بەڵام لە کۆتاییدا ھەر زوڵملێکراو سەرکەوتوو بووە، ھەرچی زاڵمەکان بوون لەناوچوون و دیار نەمان، لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعسەوە، کورد و شیعە دووچاری زەبر و زەنگ بوونەوە بەڵام ئێستا شیعەکان بوونەتە دەسەڵات و کوردیش بوونەتە خاوەن ھەرێمێکی سەربەخۆ، بەدرێژایی مێژووش تورکمانەکان زوڵمیان لێکراوە ھەر لە ساڵی ١٩٢٥ەوە کاتێک کەسایەتییە تورکمانەکانی بێجی زەوییەکانییان لێ سەندرایەوە و درایە خەڵکی عەرەب بەبێ ئەوەی ھیچ قەرەبوویەک بکرێتەوە، زوڵم دژی ئەم پێکھاتەیە بەردەوام بووە".
ئەحمەد سەید یەعقوب گوتیشی: ''ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانە بەڵام بۆچی تا ئێستا ھێز بۆ پێکھاتەی تورکمان لە وەزارەتی پێشمەرگە دروست نەکراوە، بۆچی دەبێت برا کوردەکان پارێزگاریمان لێ بکەن، ھەروەھا بابەتێکی دیکە کە ئێستا لە رۆژەڤدا ھەیە بابەتی کورسی کۆتاکانە، بێگومان ئێمە بۆ ئەم مەبەستەش چارەسەری گونجاومان ھەیە دوای کۆنگرە کۆبوونەوەی چڕ و پڕمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان دەبێت و ھەر لەبەر ئەم ھۆکارانە و چەند ھۆکارێکی دیکەیە کە ئەم پارتەمان دامەزراند".
ھەر لە کۆنگرەکەدا، پشتیوان سادق بەناوی نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ''کوردستان وڵاتی ھەمووانە و شوێنی پێکەوەژیانە، ھیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بڵێت کوردستان بەتەنیا موڵکی منە، ھەموومان پێکەوە ھاوخەبات بووینە، ھەموومان لە سەدەکانی رابردوو، کورد، تورکمان و مەسیحییەکان ئازاری زۆرمان بینیووە و ھیچکاتێک نابێت ئەو ئازارە لەیاد بکەین بۆ ئەوەی ھەمیشە ئەو پەیوەندییەی لەنێوانمان ھەیە بەھێزتری بکەین''.
پشتیوان سادق گوتیشی: ''لە ساڵی ١٩٩١ پەرلەمانی کوردستان لە رێگای کورسی کۆتاکان و دواتریش لە رێگای یاسای مافی پێکھاتەکان ھەوڵی ئەوەی داوە کە پێکھاتەکان بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسییدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەرچی پێیکراوە لە بابەتە جیاوازەکان درێخی نەکردووە تەنانەت زمانی دایک بۆ ھەموو نەتەوەکان لە پڕۆگرامەکانی خوێندن جێگای کراوەتەوە. کوردستان نموونەیەکی جوانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە بۆ پێکەوژەیان، ھەر بۆیەش زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە ئەمەش رەنج و خەباتی دەیان ساڵەی پێشمەرگە قارەمانەکانە".
پشتیوان سادق لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنیشەوە ئاماژەی بەوەکرد کە ھیچ پارتێک ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر پێکھاتەکان بسەپێنێت و پێویستە بەخۆیان خاوەن بڕیاری خۆیان بن.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاری نانەکەلی بەنوێنەرایەتی حزبەکەی گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر بۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پرسی پێکھاتەکان و گوتی: ''پیرۆزباییتان لێ دەکەم و کاتێکی گرنگ کۆنگرەکەتان بەست، وەک دەبینین ھەرێمی کوردستان بەرەو ھەڵبژاردن دەچێت و بەڵکو ئێوەش بتوانن وەک پارتێکی سیاسیی بەشداربن، پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی تەواوی بە تەبایی و یەکڕیزی ھەیە، بەتایبەت باوەڕی ھەیە لەگەڵ برایانی تورکمان و کریستانەکان لە ھەرێمی کوردستان بەشداری کۆی پڕۆسەی سیاسیی بن".
ئاری نانەکەلی گوتیشی: ''پێمانوایە پێکھاتەکان دەبێت خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و ھەمیشە دەبێت رێگا بەھیچ کەس و لایەنێک نەدەن کە ئیرادەیان سەردا بسەپێنن و ئێمەش پاڵپشتی داواکاری و مافەکانییان دەکەین و لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت''.
ھاوکات نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئارێز عەبدوڵڵا وێرای پیرۆزباییکردن لە کۆنگرەکە، ئاماژەی بە رۆڵی پێکھاتەکان لە پڕۆسەی سیاسیی کرد و گوتی: ''لەگەڵ پەیامی پیرۆزباییم بۆ پارتەکە، ھیوادارین ئەم پارتە رەسەنە لە ئایندەی کوردستان رۆڵی خۆی بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی کوردستان، بینیم پەیامەکەی بریتییە لە ئاشتی، ئازادی و یەکسانی، بێگومان ئەگەر ئاشتی نەبێت ھیچ شتێک گرنگی نییە ھەروەھا ئاشتی بەبێ ئازادی ھیچ بەھایەکی نابێت ھاوکات دەبێت دەوڵەت دەرفەتی یەکسانیش بۆ ھەموو لایەک بڕەخسێنێت''.
ئارێز عەبدوڵڵا گوتیشی: ''ئێمە بڕوای تەواومان بە مافی پێکھاتەکان ھەیە، لەم روانگەیەشەوە ھەوڵی ئەوەمان داوە کە شانبەشانی پێکھاتەکان مافەکانییان بۆ دەستەبەر بکەین، پێش ئێمە باب و باپیرانمان لە ھەولێر بە کوردی و تورکمانی قسەیان دەکرد، بۆیە مێژوویەکی ھابەشمان ھەیە، ئێمە رابردوومان یەک بووە دەبێت چارەنووسیشمان یەک بێت''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئارێز عەبدولڵا تیشکی خستە سەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن و گوتی: ''ئێمە داواکاری ئەوەمان ھەیە کە پێکھاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن، زۆرجار باسی کورسی کۆتا دەکرێت، نووسینێکی سەرۆک مام جەلال ھەیە کە لە ساڵی ١٩٩٢ بە زمانی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە ھەموو ئەو مافانەی کە بۆ تورکمان و مەسیحییەکان دەستنیشانکردووە، ئێستاش ئێمە دەمانەوێت پێکھاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بن''.
لە بڕگەی کۆتایی کۆنگرەکەش، دیاری و رێزلێنان بەسەر ئەو کەسانە دابەشکرا کە رۆڵیان ھەبووە لە پاڵپشتیکردن و دامەزراندنی پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان.