Deniz Çiçek Palabıyık
03 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
گوژمەی پڕۆژەکانی کەرتی بەڵێندەرایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات، تەنها لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە دوو ملیار دۆلار.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە وەزارەتی بازرگانیی تورکیاوە بەدەستیهێناوە، کەرتی بەڵێندەرایەتی دەرەوەی وڵات لە ساڵی ١٩٧٢ەوە تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، ١١ هەزار و ٦٦٢ پڕۆژەی بە گوژمەی ٤٧٤،٥ ملیار دۆلار لە ١٣٣ وڵاتی جیهاندا ئەنجامداوە.
ساڵی ٢٠٢٠ وێڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بوونی ناسەقامگیری جددی لەو وڵاتانەی پڕۆژەکانیان لێ ئەنجامدراوە، ئەم کەرتە ٣٧١ پڕۆژەی بە گوژمەی ١٦،٢ ملیار دۆلار ئەنجامداوە.
کارەکانی کەرتی بەڵێندەرایەتی دەرەوەی وڵات، ساڵی رابردوو هاوکات بوو لەگەڵ جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و قەیرانە ئابوورییەکانی جیهان. لەم قۆناغەدا کەرتەکە ٤٨١ پڕۆژەی بە گوژمەی ١٨،٧ ملیار دۆلار ئەنجامداوە.
لە ساڵی ١٩٧٢ەوە تا ئێستا زۆرترین کاری بەڵێندەرایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات، بە رێژەی لە سەدا ٢٠،٦ لە رووسیا ئەنجامدراون، کە تا ئێستا گوژمەی پڕۆژەکان دەگاتە نزیکەی ٩٨ ملیار دۆلار.
دوای رووسیا، تورکمانستان بە لە سەدا ١٠،٧ی پڕۆژەکان بە گوژمەی ٥٠،٨ ملیار دۆلار لە ریزبەندی دووەمدا دێت.
هاوکات عێراق بە لە سەدا حەوتی پڕۆژەکان بە گوژمەی ٣٣ ملیار دۆلار لە ریزبەندی سێیەم دێت، دوای ئەوانیش هەریەک لە لیبیا و کازاخستان دێن.