عێراق

بە هۆی قەدەخەی هاتوچۆوە هەولێر جەژنێکی بێ گەشتیار بەڕێ دەکات

سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر، زیرەک بیا ئیلیا: "هیچ کاتێک بەهێندەی ئێستا دۆخی گەشتیاریمان خراپ نەبووە، لەکاتی شەڕی داعش دۆخی گەشتیاری زیانی پێگەیشت، بەڵام وەک ئێستا نەبوو".

Hawkar Yaseen  | 11.05.2021 - نوێکردنەوە : 12.05.2021
بە هۆی قەدەخەی هاتوچۆوە هەولێر جەژنێکی بێ گەشتیار بەڕێ دەکات

Arbil

هەولێر - AA هاوکار یاسین

دۆخی ناجێگیری کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی باری سەرشانی خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکانی هەولێری بەڕادەیەکی زۆر قورس و گران کردووە و هاتنی گەشتیار نزیک بووەتەوە لە سفر.

هۆتێل و میوانخانەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواویان کردبوو بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی جەژنی رەمەزان کە ساڵانە روو لە هەولێر دەکەن بۆ بەڕیکردنی رۆژانی جەژن، بەڵام قەدەغەی هاتوچۆ لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و داخستنی بازگەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شارەکانی عێراق وایکرد ئامادەکاری خاوەن میوانخانەکان بەفیڕۆ بچێت و گەشتیار نەتوانن بێنە هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان.

سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر، زیرەک بیا ئیلیا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی دۆخی گەشتیاری لە هەولێر رایگەیاند "ئەم جەژنە وەک جەژنەکانی دیکە نییە، لەبەر ئەوەی هەم نەخۆشی کۆرۆنا هەیە هەم رێگاکان داخراون و گەشتیار ناتوانێت بێتە هەولێر، قەدەغەی هاتوچۆ لەلای حکوومەتی بەغدا هەیە و بازگەکان داخراون و لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە بەهەمان شێوە بازگەکان داخراون لەبەرئەوە گەشتیار نایەت کە گەشتیاریش نەیەت هۆتێلەکان و میوانخانەکان کاریان کزدەبێت لە رووی گەشتیارییەوە".

زیرەک بیا ئیلیا گوتیشی: "ئەم دۆخە زیاتر بۆ هۆتێل و مۆتێلەکان قورسە، چونکە خەڵکی ناوخۆ ناچنە هۆتێل بمێننەوە، بەڵام کافتریا و چێشتخانەکان خەڵکی ناوخۆ دەچن کێشەکەیان بەو جۆرە گەورە نییە، لای ئێمەوە هەموو کاتێک شوێنە گەشتیارییەکان لە هۆتێل و چێشتخانە و کافتریاکان کراوە و ئامادەن، بەڵام بڕیارەکانی لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکان (تایبەت بە کۆرۆنا) بەو جۆرەیە کە گەشتیار ناتوانێت بێنە ژوورەوە جگە لەوەش لەلایەن حکوومەتی بەغداشەوە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە بۆیە کێشەمان هەیە".

سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر رایگەیاند "دەتوانم بڵێم لەم ماوەیەدا هۆتێلەکان لەسەدا ٩٠ زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام چێشتخانە و کافتریاکان باشترن، چونکە خەڵکی خۆمان دەچن و سەردانیان دەکەن، بەڵام خەڵکی خۆمان ناچێتە هۆتێل".

زیرەک بیا ئیلیا گوتیشی: "باشترین دۆخمان تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ بوو پێش شەڕی داعش، ئەو کات جێگامان نەدەما لە هەموو میوانخانەکانماندا وای لێهاتبوو لە پارکەکاندا خێمەمان دادەنا بۆئەوەی گەشتیار تیایدا بمێنێتەوە، بەڵام لەدوای شەڕی داعش دۆخەکە گۆڕا و لەسەدا ٣٠ بۆ سەدا ٥٠ هاتنی گەشتیار کەمی کرد، بەڵام هیچ کاتێک وەک ئێستا نەبووە لە رووی کەمی گەشتیارەوە، بەهۆی کۆرۆناوە زیانێکی زۆر گەورەمان کرد. لە ساڵی ٢٠١٩ دۆخەکە باشتر بوو هۆتێلەکان نزیکبوونەوە لە پڕبوون و لەسەدا ٨٠ دۆخەکە بەرەو باشی رۆشت، بەڵام بە هاتنی کۆرۆنا بە یەکجاری دۆخەکەی وەستاند".

سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر، زیرەک بیا ئیلیا دەربارەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران رایگەیاند "هەموو هۆتێلەکان ئامادەکارییان کردبوو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، بەڵام دۆخەکە زیانی لێدان، هێشتا مۆتێلەکان باشترە ئەوانەی لە سەیرانگاکان و ناوچە گەشتیارییەکانن، چونکە ئەوانە خەڵکی خۆمان روویان تێدەکەن، بەڵام هۆتێلەکانی ناو شار ئەگەر گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق نەیەن دۆخەکە لەسەریان زۆر قورس دەبێت".

زیرەک بیا ئیلیا دەربارەی کێشەکانی خاوەن هۆتێلەکان گوتی: "لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دووجار لەگەڵ خاوەنی هۆتێل و مۆتێلەکان کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەربکرێت و هەوڵبدرێت رێگا بە هاتنی گەشتار بدرێت، هەفتەی پێشوو لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆبووینەوە و دوێنێش لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر کۆبووینەوە، دوو داواکارییان هەیە یەکەم ئەوەیە رێگا بکرێتەوە بۆ هاتنی گەشتیار و دووەم کێشەی گرانی نرخی کارەبایان هەیە کە هەموو هۆتێلەکان حسابی شوێنی بازرگانیان بۆ کراوە و هەر هۆتێلێکی هەولێر نزیکی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دینار پارەی کارەبا قەرزارن و بەهۆی نەبوونی کار و گەشتیار ناتوانن ئەو پارەیە بدەن، داواکارییەکەیانمان گەیاندووە و داواکارین بۆیان چارەسەر بکرێت، هەم رێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ هاتنی گەشتیاران هەم نرخی کارەبایان لەسەر کەم بکرێتەوە، ئێستا چاوەڕێی وەڵام و چارەسەرین".

لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، ٢٨٠ هۆتێلی یەک ئەستێرە تاوەکو پێنج ئەستێرە هەیە، ٩٣ مۆتێل و سێ گوندی گەشتیاری و ١٤ کۆمەڵگای گەشتیاری و حەوت هەوارگە هەیە، بە هەموویان ٣٩ هەزار و ٥٠٠ گەشتیاریان سەرینی خەویان بۆ گەشتیاران هەیە و لەکاتی پێویستدا دەتوانن ژمارەکەش زیادبکەن.

جگە لە شوێنەکانی مانەوە ٢٠٣ رێستۆرانت و ٥٢ باڕ و یانەی شەوانە و ١٦٤ خواردنی خێرای گەشتیاری و ١٦٤ کافتریاش هەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın