له میانی چوار رۆژدا بە هۆی نەخۆشییەکی نادیار ١١ هه‌زار مریشك له په‌له‌وه‌رگایه‌كی هەولێر مرداربوون
له په‌له‌وه‌رگایه‌كی هه‌ولێر له میانی چوار رۆژدا، نزیكه‌ی ١١ هه‌زار مریشک مرداربوون، ڤێتێرنه‌ری هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه نموونه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌یان وه‌رگرتووه.
Arbil
هه‌ولێر - AA هێمن حوسێن
له په‌له‌وه‌رگایه‌كی هه‌ولێر له میانی چوار رۆژدا، نزیكه‌ی ١١ هه‌زار مریشک مرداربوون، ڤێتێرنه‌ری هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه نموونه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌یان وه‌رگرتووه و پێشبینی ڤایرۆسی نیوكاسڵ ده‌كه‌ن و راشیده‌گه‌یه‌نێت كه له میانی دوو رۆژی داهاتوودا، ئه‌نجامی پشكنینی تاقیگه‌یی ده‌رده‌چێت و خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگاكه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی وه‌ریانگرتووه وه‌ك پێویست نه‌بوون و كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌یان نه‌بووه.
خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگای مریشك، هه‌مزه ئه‌حمه‌د فه‌قێ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ماوه‌ی چوار رۆژه، نزیكه‌ی ١١ هه‌زار مریشك مرداربوون، مریشكه‌كان له ته‌مه‌نی ٣٣ رۆژییه‌وه تووشی حاڵه‌تێك بوون كه سه‌ره‌تا پژمینیان هه‌بوو، بردمن بۆ نۆرینگه‌ی ڤێتێرنه‌ری و چاره‌سه‌رم بۆیان وه‌رگرت، به‌ڵام هه‌ر رۆژی یه‌كه‌م ١٠٠ مریشك مرداربوون و رۆژی دووه‌م هه‌زار مریشك و له چوار رۆژدا له كۆی ١١ هه‌زار مریشك ته‌نیا ٥٠٠ مریشكم ماوه‌ته‌وه''.
هه‌مزه ئه‌حمه‌د فه‌قێ نیگه‌رانه له كوالێتی ئه‌و چاره‌سه‌ره پزیشكییانه‌ی كه بۆ چاكبوونه‌وه‌ی مریشكه‌كانی وه‌ریگرتووه و له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ''زوو سه‌ردانی نۆرینگه‌ی ڤێتێرنه‌ریم كرد، به‌ڵام هۆكاری چاره‌سه‌ر نه‌بوون، كوالێتی ده‌رمانه‌كه‌یه كه هیچ سوودێكی نییه و كوالێتی ده‌رمانه‌كان زۆر خراپه''.
له‌باره‌ی زه‌ره‌ر و زیانه داراییەکان، هه‌مزه ئه‌حمه‌د فه‌قێ ده‌ڵێت ''٣٥ ملیۆن دینار خه‌رجی بووه و به‌پێی خه‌مڵاندنی خۆم بۆ فرۆشتنه‌كه نزیكه‌ی ٨٠ ملیۆن دینار زه‌ره‌ره''.
هه‌رچه‌نده ئه‌و مریشكانه‌ی كه مرداربوون، به‌پێی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و بۆ بەرگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه پێویسته به‌سووتاندن له‌ناوببرێن، به‌ڵام به‌گوته‌ی خاوه‌ن په‌له‌وه‌رگاكه چه‌ندین خاوه‌ن ئاژه‌ڵ هاتوون مریشكه مرداربووه‌كانیان بردووه و گوتی: ''زۆر خاوه‌ن مه‌ڕ دەهاتن ئۆتۆمبێلیان راده‌گرت و مریشكه مرداربووه‌كه‌یان ده‌برد بۆ ئەوەی بیدن بە سه‌گەکانیان''.
هه‌مزه ئەحمەد فه‌قێ گوتیشی: ''داوا له حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین كه هاوكاریمان بكات و به‌شێكی زۆری پێداویستییه‌كانمان به قه‌رز هێناوه و فشارێكی زۆری داراییمان له‌سه‌ر شانه''.
هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری هه‌ولێر، مامه‌ند محه‌مه‌د قادر ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه پێشتر ئه‌وان ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه، بۆیه‌ش ئێستا هاتوون بۆ وه‌رگرتنی نموونه‌ی نه‌خۆشییه‌كه و ناردنی بۆ تاقیگه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت هۆكاری مرداربوونی ئه‌و ژماره زۆره مریشكه چییه.
مامه‌ند محه‌مه‌د قادر و تیمێكی تایبه‌ت سه‌ردانی شوێنه‌كه‌یان كرد و به‌شێك له نموونه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌یان وه‌رگرت و له‌ناو كیسی تایبه‌ت به تاقیگه كرا و ره‌وانه‌ی تاقیگه‌ی تایبه‌تمه‌ندیان كرد بۆ پشكنین و دیاریكردنی جۆری نه‌خۆشییه‌كه.
به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری هه‌ولێر له میانی بەسەرکردنەوەی شوێنه‌كه و توێكاری و وه‌رگرتنی نموونه‌ی نه‌خۆشییه‌كه، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''خاوه‌نی ئه‌و پڕۆژه‌یه، ده‌ڵێت مریشكه‌كان ته‌مه‌نیان ٤٢ رۆژه و ١١ هه‌زار جوجكه‌ی داناوه‌ته‌وه و نزیكه‌ی ١٠ هه‌زار جوجكه‌ی مرداربووه، هه‌رچه‌نده زووتر ئێمه‌ی ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه، بۆیه دوای ئاگاداركردنه‌وه‌مان هاتووین و سه‌یری دۆخه‌كه‌مان كرد و نموونه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌مان وه‌رگرت، ئه‌و نموونانه ده‌ده‌ین به تاقیگه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كه''.
مامه‌ند محه‌مه‌د قادر له‌باره‌ی پێشبینییه‌كانیان بۆ جۆری نه‌خۆشییه‌كه گوتی: ''ئه‌و ژمارە زۆره مریشكه مرداربووه، به پێشبینی ئێمه ڤایرۆسی نیوكاسڵه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی تاقیگه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جۆری نه‌خۆشییه‌كه‌مان بۆ ده‌ستنیشان بكات، ئه‌گه‌ر كیت هه‌بێت ئه‌وا له میانی دوو رۆژ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌چێت''.
به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری هه‌ولێر، مامه‌ند محه‌مه‌د قادر له‌باره‌ی شێوازی له‌ناوبردنی ته‌ندروست بۆ ئاژه‌ڵی مرداربوو گوتی: ''سووتان باشترین شته، به‌ڵام چونكه لێره ئه‌وه نییه، بۆیه ده‌بێت له چاڵێك دابپۆشرێت و نابێت له‌سه‌ر رێگاوبانه‌كان بێت و ببێته سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه''.
نیوکاسڵ نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و تووشی پەلەوەر و باڵندەکان دەبێت کە تووشبوونی مریشک لە پلەی یەکەمدایە و رێژەی مرداربوونی مریشک بەھۆی ئەم ڤایرۆسەوە لەسەدا سەدە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ھەزار و ٦٢٦ پەلەوەرگای مۆڵەتدار و ٥٠٠ پەلەوەرگای بێ مۆڵەت ھەیە کە سەرجەمیان ساڵانە ١٧٠ ھەزار تۆن مریشک بەرھەمدە‌هێنن.