Heman Hussein Yaseen
22 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2025
هەولێر - AA
بڕیارە کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆ ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان - عێراق بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکان لەسەر بانگھێشتی سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان، محەمەد سلێمان، بڕیارە کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.
بەھۆی ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە درێژکراوەی کۆبوونەوەی پێشوو بۆیە بەرنامەی کاری بۆ دانەنراوە و تا ئێستاش ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە.
ئەوەی دەمێنێتەوە ڕوون نیە کە ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوەکە تەواو دەبێت یان نا، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی زۆرینەی ڕەھای ئەندامان بەڕێوەدەچێت.
ئەمە لە کاتێکدایە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لە ٢ ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکە بە کراوەیی مایەوە.