Heman Hussein Yaseen
22 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2025
هەولێر - AA
لە کاتێکدا بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت کە تیاییدا دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرێت بەڵام بەھۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایییەوە، کۆبوونەوەکە ھەڵگیرا.
کاتژمێر ١١ی نیوەڕۆ زەنگی چوونە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە لێدرا و پەرلەمانتارانی ئامادەبوو چوونە ھۆڵی کۆبوونەوەکە، بەڵام بەھۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاساییەوە، نەتوانرا کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت و ھەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان پێویستە زۆرینەی ڕەھای پەرلەمانتاران ئامادەبن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت بەڵام ئەمڕۆ لە کۆی ١٠٠ پەرلەمانتار، تەنیا ٢٦ پەرلەمانتار ئامادەبوون، بەمەش نەتوانرا کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت.
پێشتر سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، محەمەد سلێمان بانگەوازێکی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان ئاراستەی پەرلەمانتاران کردبوو کە درێژکراوەی ھەمان کۆبوونەوەکەی پێشوو دەبوو بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵام کۆبوونەوەکە ھەڵگیرا بۆ کاتێکی نادیار.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بە بەشداری دوو ملیۆن و ٨٧ ھەزار و ٩٧٢ کەس ھەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامەکان ھەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، ڕەوتی ھەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەریی ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی و ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان ١ کورسی پەرلەمانییان بەدەستھێنا.
دواتر ڕۆژی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان - عێراق لەلایەن بەتەمەنترین دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمان، محەمەد سلێمان لە لیستی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو، دواتر لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەریەک لە ڤاڵا فەرید و ھەڵگورد شێخ نەجیب-ی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد.
ھاوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ھەریەک لە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و میران محەمەد، نەوەی نوێ کوردەوان جەمال-ی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد بەڵام بەھۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاساییەوە، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار ھەڵگیرابوو.