سياسەت, عێراق

چەند لایەنێک بڕیاری کۆتاییان نەداوە بۆ بەشدارییکردنیان لە کابینەی دەیەم

هەریەک لە نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامیی بڕیاری کۆتاییان لەبارەی بەشدارییکردن لە حکوومەت نەداوە و کۆمەڵی دادگەریش دووپاتی دەکاتەوە کە نە بەشداری حکوومەت دەکەن و نە دەچنە پەرلەمانی کوردستان.

Heman Hussein Yaseen  | 21.01.2025 - نوێکردنەوە : 24.01.2025
چەند لایەنێک بڕیاری کۆتاییان نەداوە بۆ بەشدارییکردنیان لە کابینەی دەیەم

Arbil

هەولێر - AA

نزیکەی سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان- عێراقدا تێپەڕ دەبێت و تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەک لایەنی سەرەکی پێکهێنەری کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم، چەند جارێک کۆبوونەتەوە و چەند هەنگاوێکیان بڕیووە، لە ئێستاشدا لیژنە تەکنیکییەکان خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسێکن بۆ پێکەوە کاری هاوبەشی هەردوو لە چوار ساڵی داهاتوودا.

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانی خولی شەشەمی هەڵبژاردن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ پڕۆژەیەکی ڕاگەیاند بۆ بەشدارییکردنییان لە حکوومەت کە تێیدا داوای پۆستی سەرۆکوەزیرانیان کرد و یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوە بوو کە پۆستی سەرۆکوەزیران لەلای هەر پارتێکی سیاسیی بێت ئەوا پێویستە پۆستەکانی دیکەی حکوومەت لەلای لایەنەکانی دیکە بێت، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییدا بڕیاریاندا کە بەشداری کابینەی نوێی حکوومەت نەکەن هاوکات کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاریدا کە هەم بەشداری لە حکوومەت و هەم لە پەرلەمانی کوردستاندا نەکات.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە خاوەنی ١٥ کورسیی پەرلەمانییە، تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە بۆ بەشدارییکردنیان لە حکوومەت یان ئۆپۆزسیۆنبوونیان لە پەرلەمانی کوردستان – عێراق.

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا دواین بڕیاریان نەداوە بۆ بەشداریکردنییان لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەخاتەڕوو کە نەوەی نوێ وەک یەکەمین هێز پڕۆژەیەکی بۆ پێکهێنانی حکوومەت خستووەتەڕوو، ئاماژە بەوەش دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی سەرەکی پێکهێنەری حکوومەت، دووجار سەردانی نەوەی نوێی کردووە.

پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان – عێراق، عەدنان سەید حوسێن لەبارەی بەشدارییکردنییان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، نەوەی نوێ وەک یەکەمین هێزی سیاسیی، پڕۆژەیەکی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوپەیمانیی خستەڕوو، لە پڕۆژەکەدا بە ڕوونی داوای ئەوەمان کردووە کە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرین، یان هەر لایەنێک پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت ئەوا تەواوی پۆستەکانی دیکە بۆ لایەنەکانی دیکەی بەشداربووی حکوومەت بێت".

عەدنان سەید حوسێن گوتیشی: "نەوەی نوێ هێشتا بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە و لە ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەمبارەیەوە ئەنجام دەدەین و بڕیاری کۆتایی دەدەین لەسەر ئەوەی بەشداری حکوومەت دەکەین یان وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان دەمێنینەوە".

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت، عەدنان سەید حوسێن گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان دووجار سەردانی کردووین، ئەوان ئامادەن هەر وەزارەتێکمان بوێت بە تەواوی دەسەڵاتەکانییەوە پێمان بدەن، بەڵام پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێم لای خۆی بمێنێتەوە".

لەبارەی پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دووەم هێزی پێکهێنەری حکوومەت، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ عەدنان سەید حوسێن گوتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکوومەت نیە و بۆیەش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆدایە، بەر لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، یەکێتیی جارێک سەردانی کردووین".

هاوکات یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە خاوەنی حەفت کورسی پەرلەمانییە و تا ئێستا دووپاتیان کردووەتەوە کە بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکەن و ڕایدەگەیەنن کە لەم قۆناغەدا پێیان باشە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە. بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە ڕۆژانی داهاتوو دوا بڕیاری خۆیان دەدەن.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، عوسمان کاروانی لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "ئێمە تازە کۆنگرەمان بەستووە و لە یەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییشدا لە دوای کۆنگرە، دووپاتمان کردووەتەوە کە لەم قۆناغەدا وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە و بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەت ناکەین، تا ئەم چرکە ساتە ئەمە بڕیاری یەکگرتووە و وەک ئۆپۆزسیۆن درێژە بە کارەکانی خۆمان دەدەین".

عوسمان کاروانی گوتیشی: "هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جیا سەردانیان کردووین و داوایانکردووە کە بەشداری لە حکوومەتی نوێدا بکەین، بەڵام ئێمە دووپاتمان کردووەتەوە کە بەشدارنابین چونکە تێبینیمان لەسەر ئەدای کارەکانی حکوومەت هەیە و پێمانوایە لە ئاست وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان نیە".

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا سێ کورسیی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە و ئەمەش نیگەرانیی لای سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای حزبەکە دروستکرد و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا بایکۆتی پەرلەمان و حکوومەتیش بکەن.

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، شوان ڕابەر لەبارەی دوا هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەبارەت بە بەشداریکردنییان لە کابینەی نوێی حکوومەت، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیارە سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا کە بەشداری لە پەرلەمانی کوردستاندا نەکەن، ئەویش لە سۆنگەی ئەوە بوو کە بە دڵنیاییەوە بە بەڵگە لەدەستمان بوو، هەروەها سەلماندمان کە لەم هەڵبژاردنەدا ساختە بەرامبەر بە کۆمەڵی دادگەریی کراوە، بۆیە ئێمە نەک هەر بەشداری لە حکوومەت ناکەین بەڵکو بەشداری لە پەرلەمانیش ناکەین، ئەوەش بۆ ئەوە بوو ئێمە هەڵوێستێک بنوێنین کە شایەنی ئەم زوڵمە بێت کە بەرامبەرمان کراوە، چونکە لە ڕابردوو حەوت کورسیی پەرلەمانییمان هەبوو، نە دەبوو ئێستا سێ کورسی بهێنین لە کاتێکدا ئێمە ئۆپۆزسیۆن بووین لە دەسەڵات نەبووین تا خەڵک سزامان بدات".

لەبارەی پەیوەندی و گفتۆگۆکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوولایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکوومەت، شوان ڕابەر گوتی: "تا ئێستا هیچ لایەنێک بەناوی ئەوەی کە حکوومەت پێکدەهێنن، سەردانی نەکردووین، هۆکارەکەش ئەوەیە کە شێوازی پێکهێنانی حکوومەت لە نێوان پارتی و یەکێتی ماوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بڕیارماندا کە ناچینە پەرلەمان، ئەوا کۆمەڵێک لایەنی دیکە هاتوون سەردانیان کردووین و داوایانکردووە کە ئێمە بچینە پەرلەمان، بەڵام ئێمە هۆکارەکەمان بۆیان خستووەتەڕوو کە ناچینە ناو پەرلەمان، بڕیارەکەشمان کۆتاییە، نە بەشداری پەرلەمان دەکەین، نە لە حکوومەت بەشدار دەبین".

ئەمە لە کاتێکدایە کە٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان سەرپەرشتی کرا. ھەڵبژاردنەکە بەشێوازی فرەبازنەیی ئەنجامدرا و ھەرێمی کوردستان بەسەر ٤ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکرا کە تیایدا لایەنەکان و کەمینەکان پێشبرکێیان بۆ بەدەستھێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کرد و لە ئەنجامدا، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسیی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان حەفت کورسی، ڕەوتی ھەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵی دادگەریی سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان یەک کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان یەک کورسی پەرلەمانییان بەدەستھێنا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن