Heman Hussein Yaseen
17 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2023
ھەولێر - AA
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، ئەحمەد فەکاک بەدرانی لە میانی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای کەرکووک رایگەیاند کە بڕی ٣٠ ملیار دیناریان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای کەرکووک تەرخانکردووە.
ئەحمەد فەکاک بەدرانی بەیاوەری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، راکان جبووری، سەردانی قەڵای کەرکووکی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، بوودجەیەکی تایبەتمان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای کەرکووک تەرخانکردووە کە بڕەکەی ٣٠ ملیار دینارە".
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت راکان جبووری، ستایشی ھاوکاری و گرنگیدانی وەزارەتەکەی کرد بۆ شوێنەوارەکانی کەرکوک و وەڵامدانەوەیان بۆ داواکاری ئیدارەکەی بۆ پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی قەڵای کەرکووک و خستنەڕووی لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا.
لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١دا، بەڕێوەبەی بەشی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق، ئەحمەد کازم رایگەیاندبوو کە ڕێکخراوی یونسکۆ لەم دواییانەدا قەڵای کەرکووکی خستە لیستی کاتیی شوێنەوارەکانی جیھان، ئەمەش بەھۆی گرنگی قەڵاکەوەیە لەڕووی ئەو فرە کولتوورییەی کە تیایدایە لەوانە مزگەوتی پێغەمبەر دانیال، مزگەوتی گەورە و مزگەوتی عوریان، ھەروەھا بوونی کڵێسای کلدانی ئوم ئەحزان.
قەڵای کەرکوک، یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکە و دەکەوێتە ناوەندی شاری کەرکووک و دوایین جار لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقدا نۆژەنکراوەتەوە.
ھەروەھا قەڵای کەرکووک چەند یەکەیەک لەخۆ دەگرێت لەوانەی بازاڕی قەیسەری و گومەزی سەوز کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئەتابەگی (ساڵی ٧٥٢ی کۆچی) لەگەڵ ژمارەیەک خانووی کولتووریی.
قەڵاکە لەسەر دیزاینی تەلارسازی ئاشووری کۆن دروستکراوە، ڕووبەرەکەی بە ١٧٠ دۆنم خەمڵێندراوە، چوار دەرگای سەرەکی ھەیە کە دووانیان دەکەونە بەشی ڕۆژھەڵات و دووانەکەی دیکە، دەکەونە بەشی ڕۆژئاوا، دەرگای یەکەمی بە دەرگای تۆپ ناسراوە کە لە دەرگا سەرەکییەکانی قەڵاکەیە و دەکەوێتە بەرامبەر ڕووباری خاسە و لە ساڵی ١٨٢٠ لەلایەن والی مووسڵەوە دروستکراوە، لەئێستادا تەنھا ئەو دەرگایە بوونی ماوە و پارێزگاریی لە شێوازەکەی کراوە و نزیکەی ١٥٠ ساڵە دەستکاری نەکراوە.